عەلی قازی: پێشتر پەکەکە ئیمزای لەسەر ئاڵای کوردستان کردووە
بەپێی سایتی جوانێن کورد، "عەلی قازی" سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان و کوڕی پێشەوا قازی محەمەد ڕایگەیاندووە، بەر لە ١٥ ساڵ نوێنەری حزبە کوردستانییەکان پێکەوە بڕیاریان داوە کە ئاڵاکەی کوردستان ئاڵای ھەموو کوردستان بێت و نوێنەری پارتی کرێکارانی کوردستانیش ئامادە بووە و ئیمزای کردووە.
عەلی قازی وتوویەتی: " ئەو ئاڵایەی کە بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد ھەڵکرا، ھەمان ئەو ئاڵایەیە کە بەر لە ٩٦ ساڵ لەلایەن (کۆمەڵەی تەعالی کوردستان)ەوە بڕیاری لەسەر دراوە لە ئەستەمبوڵ و پەرلەمانی کوردستانیش بە وتووێژ لەگەڵ ئەواندا ژمارەی تیشکە خۆرەکەی دیاری کردووە، بۆیە ئەو ئاڵایە تایبەت نییە بە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو ئاڵای ھەموو کوردستانە."
ھەر لەو بارەیەوە، "عوسمان ئۆجەلان" برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە کە ئەو کاتە سەرکردەی پەکەکە بووە، وتەکانی عەلی قازیی پشتڕاست کردووەتەوە کە پەکەکە وەک لایەنێکی کوردستانی ئیمزای لەسەر پەسەندکردنی ئەو ئاڵایە کردووە.
payamner-
