وەزارەتی کارەبا: له دابەش کردنی کارەبا هیچ جیاوازییەک لەنێوان پارێزگاکاندا نەکراوه
بەڕێوبەری کۆنترۆڵی دابەشکردنی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، پێدانی کارەبای نیشتیمانی بەشێوەیەکی دادپەروەردانە بەسەر ھەموو کوردستان دابەش دەکرێت و ھیچ جیاوازیەک نەکراوە و ناکرێت کارەبای زیاتر لە ناوچەیەک بە ناوچەیەکی دیکە بدرێت.
بەڕێوبەری کۆنترۆڵی دابەشکردنی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان "ئومێد ئەحمەد" بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی رایگەیاند: "ئەو ئار.پی.جی.یانەی ئاراستەی وێستگەی چەمچەماڵ کراون ھیچ زیانێک بەو وێستگەیە نەگەیاندووە و وەکو پێشوو کاری خۆی دەکات و بەردەوامە لە بەرھەم ھێنانی کارەبا."
ئومێد ئەحمەد گوتی: کارەبا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش دەکرێت بەسەر ھەموو کوردستان بەشێوەیەکی یەکسان و ھیچ جیاوازی ناکرێت، بەڵام ئەوانەی چەمچەماڵ داوا دەکەن پێویستە رێژەیەکی زیاتر لە ناوچەکانی دیکە کارەبایان پێبدرێت کە ئەمەش ناکرێت، چونکە گەر وابێت پێویستە لە خورمەڵە و پیرداوود و ناوچەکانی دیکەش بەوشێوەیە بێت، لەبەر ئەوەی ئەو کات ئەوانیش ھەمان داواکاری دەکەن.
ئەحمەد روونیشی کردەوە، لەئێستادا بەھۆی ئەوەی وەرزی زستانە و دۆخی کارەبا خراپە، بۆیە ئەوانیش ئەمەیان بە دەرفەت زانیوە و ئەو داواکاریە دەکەن، گەر نا پێش چەند مانگێک ١٤سەعات کارەبای نیشتیمانی ھەبووە و ھیچ کێشەیەک نەبووە.
وتیشی، ئەگەر ھەر کێشەیەک لە ھەر وێستگەیەک دروست بێت زیان بە ھەموو خەڵکی کوردستان دەکەوێت نەک تەنھا ئەو ناوچەیە.
payamner-
