قایمقامی هەولێر: سێ كارگەی غاز داخراون
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، لە لێدوانێكیدا گوتی: "لە شاری هەولێر غازی پێویست بۆ هاووڵاتیان هەیە و بەردەوامیش گەرەنتی مانەوەی هەیە، و پێویستە هاووڵاتیان دڵنیا بن كە هیچ كێشەیەكی غاز لە ئارادا نییە."
قایمقامی هەولێر گوتیشی: "غازی هەولێر لەلایەن كارگەی ئەهلی و حكوومییەوە دابین دەكرێت و لە ماوەی ڕابردوودا هەست كرا كێشەی كەمیی غاز لە بتەڵەكانی غاز كراوە، بۆیە دوای بەدواداچوون، سێ كارگەی غاز لە هەولێر داخران و ئەو بریکارانەی غازیش کە بە گرانتر دەیانفرۆشت، سزا دراون."
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: "پێویستیی تەواوی غازی ماڵانمان هەیە و بەردەوامیش بڕی پێویست دابین دەكرێت، ئێستاش نرخی غازی ماڵان 7500 دینارە و هەر هاووڵاتییەك زیاتری لێ وەرگیرا پێویستە بەمەبەستی بەدواداچوون پەیوەندی بە لیژنەكانی قایمقامییەتەوە بكات."
باسنیوز
