بەشێک لە ڕۆشنبیرانی سلێمانی هۆشداری بە بزووتنەوەی گۆڕان دەدەن

 بەشێک لە ڕۆشنبیرانی سلێمانی هۆشداری بە بزووتنەوەی گۆڕان دەدەن
بەشێک لە نووسەر و ڕۆشنبیرانی شاری سلێمانی، هۆشداری دەدەنە بزووتنەوەی گۆڕان، لەوەی ناکرێت کە لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکاندا پەنا بۆ هێزی چەکداری ببات و ئەوەی لە چەمچەماڵیش ڕووی دا، بە ڕووداوێکی مەترسیدار ناو دەبرێت.

بەشێک لە نووسەر و ڕۆشنبیرانی شاری سلێمانی، هەوڵەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە مەترسیدار دەزانن و پێیان وایە، هەڕەشە لەسەر دامەزراوەکانی حکوومەت بەهەر هۆکارێک بێت، مەترسییە. لەمبارەیەوە د.کەیوان ئازاد، نووسەر و مامۆستای زانکۆی سلێمانی، ڕایگەیاند: “لەناو کورددا خوێندەوار نییە، ئەگەر هەبێت، هەندێک پرسی نەتەوەیی هەیە، ناکرێت لەکەسی قەبووڵ بکەین، بەتایبەت ئاراستەیەک هەیە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی پرسە نیشتمانییەکان، ڕەوایەتی بەهەندێک شت بدرێت کە دواجار مەترسین لەسەر کوردستان، بۆ نموونە، بەهەرێمکردنی سلێمانی بە هەموو ڕەهەندەکانەوە خیانەتە، ئەی بۆچی بێ دەنگی لەبارەوە کرا؟ گەڕانەوە بۆ لای دوژمنەکەی کە بەغدایە و قووتی خەڵکی کوردستانی بڕی، خیانەت نییە؟ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان و تێکدان و سڕکردنی پرۆسەی پەروەردە خیانەتە، ئەی ئەمانە هەمووی لە سنووری سلێمانی کراوە، بۆ لە بزووتنەوەی گۆڕان نایەنە دەنگ؟”.

ئەوەشی خستە ڕوو کە گرنگە خەڵکی کوردستان هۆشیار بکرێتەوە، لەوەی ناکرێت بەهەر شێوە و لەژێر هەر ناوێکدا بێت، گرووپی چەکداری دروست بکرێت و ڕەوایەتی پێ بدرێت، بە تایبەت ئەوەی لە چەمچەماڵ بینرا، گەورەترین زەنگی مەترسییە".

لەلایەن خۆیەوە سامان ساڵح، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە شاری سلێمانی، ڕایگەیاند: “ئەوەی لە سنووری سلێمانی ڕوودەدات، چەند ڕەهەندێکی هەیە، یەکەم، خەڵک لەم سنوورە داوای مافی خۆیان دەکەن، بەتایبەت خزمەتگوزاری و مووچە، لە کاتێکدا حکوومەت و دامەزراوەی کارا نییە، وەڵامی داواکاریی خەڵک بداتەوە، ناچار داواکاریی خەڵک لە ڕێگای ئاشتییەوە سەردەکێشێت بۆ توندوتیژی”. بە بڕوای ئەو نووسە، ڕەهەندی دووەم ئەوەیە کە ناکرێت لە سێبەری ناڕەزایی و داواکارییەکانی خەڵک، ڕەوایەتی بە دروستکردنی هێزی چەکداری و میلیشیا و هێرشکردنە سەر دامەزراوە حکوومییەکان بدرێت و “دەبێت لە چوار چێوەی دامەزراوە شەرعییەکاندا داواکارییەکان بخرێتەڕوو".

سامان ساڵح: “هەندێک هەوڵی تاکلایەنە هەبووە لەناو گۆڕاندا بۆ دروستکردنی هێزی چەکداری، بەڵام ناکرێت ئەمە بزووتنەوەی گۆڕان بیکاتە بەرنامە، چونکە کوردستان کۆمەڵێک گرفتی گەورەی تێدایە، ئەم گرفتانە وادەکات هەندێک خەڵک بەناوی هێزی سیاسییەوە چەک هەڵگرن، بۆیە دەبێت حزبەکان ڕێگا لە ئاژاوەگێڕی بگرن”.

پێشتر لە چەند کات و شوێنێکی جیاوازدا، کادیر و هەڵسووڕاوە دیارەکانی گۆڕان، بەشێوەی جۆراوجۆر داوای پێکهێنانی هێزی چەکدارییان کردووە. دوێنێ سێشەممە 3\1\2017ش، ئامانج جەباری، قایمقامی چەمچەماڵ، تاقمێکی نێو بزووتنەوەی گۆڕانی بە هێرشکردنە سەر وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سنوورەکەی تۆمەتبار کرد.






باسنیوز
Top