بەغدا پابەندی رێککەوتنی نەوتیی لەگەڵ هەولێر نەبووە
ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری عێراق وەڵامی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان خۆی بڕ و رێژەی هەناردەکردنی نەوت دیاری دەکات، ”بەشێوەیەک لەگەڵ بودجە و بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بگونجێت“.
ماجد شنگالی هەروەها رایگەیاندووە، کە لێدوانەکەی حەیدەر عەبادی سەبارەت بە ”روون نەبوونی“ فرۆشتنی نەوتی کوردستان ”نا لۆژیکیی و نا واقیعییە“.
هەروەک ئەو پەرلەمانتارە هەروەها رایگەیاندووە، کە بەپێی رێککەوتنی نەوتیی هەولێر و بەغدا، کە لە یاسای بودجەی عێراقی بۆ ساڵی 2017دا جێگیر کراوە، پێویستە هەولێر رۆژانە 550 هەزار بەرمیل هەناردەی دەرەوە بکات، لەبەرامبەردا حکوومەتی عێراق رێژەی %17 بودجەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
ماجد شنگالی پێیوایە لێدوانەکەی حەیدەر عەبادی سەبارەت بە ”روون نەبوونی“ فرۆشتنی نەوتی کوردستان ”نا لۆژیکیی و نا واقیعییە“، چونکە حکوومەتی عێراق پابەندی ئەو رێککەوتنە نەبووە و تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
رۆژی چوارشەممە 4/1/2017، حەیدەر عەبادی رایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان لەو بڕەی بۆی دیاریکراوە، زیاتر نەوت دەفرۆشێت.
باسنيوز
