دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەست پێ دەکاتەوە
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە سەرچاوەیەک لە دیوانی وەزارەتی دارایی ڕاگەیاند، هێشتا لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان بۆ وردبینیکردن نەبردراوەتەوە وەزارەتی دارایی، بەڵام چاوەڕوان دەکەن تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو، کاری وردبینیکردنەکە کۆتایی بێت.
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە دەست پێ دەکات و بەم شێوەیەش دابەشکردنی مووچەی مانگێکی فەرمانبەران دەست پێ دەکاتەوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هێشتا دڵنیانین لەوەی ئەو مووچەیەی دابەش دەکرێت، مووچەی مانگی 11\2016یە یاخود مووچەی مانگی 1\2017یە؟ چونکە هێشتا لە وەزارەتی داراییەوە بڕیاری کۆتایی ئاشکرا نەکراوە و بۆ ئەم مەبەستە ”کۆبوونەوە دەکرێت“.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان لیستی مووچەیان بۆ گەنجینەکان بردووە، بەڵام تەنیا وەزارەتی پێشمەرگە لیستەکانی نەناردووە، چونکە لیستی ئەوان جیاوازە و لەناو وەزارەتی داراییدا کاری وردبینی تێدا دەکرێت. گوتیشی: ”ڕابەر سدیق، بریکاری وەزیری دارایی بە وەکالەت لێرە نییە، بەڵام کۆبوونەوە بەردەوامە لەسەر ئەوەی ئاخۆ مووچەی کام مانگ دابەش دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچە دەست پێ دەکات“.
باسنيوز
