دوو عەشیرەتی دهۆك چەك لە بەرانبەر یەكتری هەڵدەگرن
ئەمڕۆ دووشەممە لە ناحیەی رۆڤیا بەهۆی كێشەیەكی كۆن لەسەر زەوی و زار؛ كێشەی نێوان هەردوو عەشیرەتی گۆران و هەركی سەری هەڵدایەوە و بەرامبەر یەكتری وەستانەوە.
سەنگەر دەروێش یەكێ لە شایەتحاڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەكە بۆ (باسنیوز) رایگەیاند كە ئەم كێشەیە بۆ 50 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە كە لە نێوان هەردوو عەشیرەتی هەركی و گۆران هەیە، كێشەكە لەسەر مولكی هاوبەشە و هەر لایەنێك مولكەكە بەهی خۆی دەزانێ.
سەنگەر گوتیشی ئەمڕۆ لایەنێك هەوڵی داوە زەوییەكە بكێڵێ بۆ كشتوكاڵ، بەڵام لایەنی دووەم رووبەڕوویان وەستاونەتەوە و رێگرییان لێ كردوون.
سەنگەر دەروێش ئاشكراشی كرد كە كێشەكە گەورە بووە و هەردوو لایەن چەكیان بەرامبەر یەكتری هەڵگرتووە و لایەنەكانیش لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەدان.
ئەو هاووڵاتیە ئاماژەی بەوەش كرد كە پێشتر لیژنەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان دوو عەشیرەتەكە پێكهێنراوە، تا ئێستەش دۆسیەكە لە دادگایە.
bas news-
