مەسروور بارزانی: سەردانی سهرۆك ئۆلاند پشتیوانیکردنە لە کوردستان
(مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەسەرکردنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، لە چیای زەرتک، لەبارەی گرینگیی سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بەسەرکردنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سوپاسی سەرۆکی فەرەنسا دەکەین، کە ئەمە دووەمجارە سەردانی کوردستان بکات".
(مەسروور بارزانی) گوتی: "جاری پێشوو کە سەردانی کوردستانی کرد، داعش زۆر نزیک بوون لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەسەردانی ئەمجارەیان داعش تووشی شکستێکی گەورەبوونە، هاتنیشی نیشانەی دەستخۆشیکردنە لە پێشمەرگە و رێزگرتنە لە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و ئەو رۆڵەی کە بینییان لە شکاندنی داعش و تیرۆریستان".
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "تیرۆریستان نەک لێرە، بەڵکو مەترسییەکن لەسەر وڵاتانی دیکەش، بەتایبەتی فەرەنسا چەندین جار بووەتە ئامانجی تیرۆریستان، لێرەش کاتێک تیرۆریستان تێک شکان، لەسەر دەستی پێشمەرگە بوو، ئەمەش نیشانەی قەدرگرتن و رێزگرتنە لە پێشمەرگە و قوربانیدانی پێشمەرگە و پشتیوانیکردنە لە کوردستان".
سەبارەت بەو دیلانەی داعش کە لەبەر دەستی پێشمەرگەدان، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، "بەسەدان دیلی داعشمان لەبەردەستە، چ ئەوانەی لە شەڕ گیراون، چ ئەوانەی وەکو شانەی نوستوو لە شوێنەکانی دیکە کاریان کردووە و بەدیل گیراون، هەندێکیشیان بەم دواییانە کە دزەیان کردبووە نێو ئاوارەکان و وەکو ئاوارە هاتبوون بەدیل گیراون".
سەبارەت بە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی و دارایی بە پێشمەرگە لەلایەن فەرەنساوە، (مەسروور بارزانی) ئاماژەی دا "پێشتریش فەرەنسا هاوکاریی سەربازی پێشکەشی هەرێمی کوردستان کردووە، چ لە ڕووی مەشق و چ لە پێدانی چەک و تەقەمەنی بە پێشمەرگە، هیوادارین ئەو هاوکاریانە بەردەوامیش بێت".
سەبارەت بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە بەهێزەکانی سەرۆکی وڵاتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت "کورد پێویستە سوود لە پێگەی خۆی بکات لەو دۆستایەتییەی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دروستی کردوون، پێموایە خەڵکی دیکە زۆر زیاتر لە کورد قەدری پێشمەرگە و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و ئەو پەیوەندیانە بزانن، کە لەژێر سایەی جەنابی سەرۆک هاتوونەتە دی".
(مەسروور بارزانی) ئاماژە بەوەش دەدات، "فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە سەرەکیانەی کە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و پێگەیەکی بەهێزی هەیە، یەکێکە لەو وڵاتانەی لە دروستکردنی سنوورەکان و رێککەوتنی سایکس پیکۆ رۆڵی هەبووە، هیوادارین ئێستا ئەم رێککەوتنە بگۆڕێت و هاوکاریی زیاتری میللەتی کورد بکەن و ئەو هەڵەیەی کە پێش سەد ساڵ کرا دووبارە نەبێتەوە، بەڵکو قەرەبووی میللەتی کورد بکرێتەوە".
سەبارەت بە دانوستاندنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان و قۆناخی دووەمی دانیشتنەکان، (مەسرور بارزانی) دەڵێت: "پەیامی جەنابی سەرۆک زۆر ئاشکرایە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان، گفتوگۆکانی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەگەڵ لایەنەکان بۆ تاوتووکردنی ئەو پەیامەیە، بۆ ئەوەی بگەن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بنبڕکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە ئێستا هەن، ئەمەش تەنیا ئەرکی پارتی نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکە".
(مەسروور بارزانی) هیواداریشە لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان "بەپێی بەرپرسیارهتی مامەڵە بکەن و تەنیا بەتەمای لایەنێک بەجێی نەهێڵن، ئەوانیش پێویستە بێنە پێشەوە و ئەو بەرژەوەندییە گشتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەی کە لە کوردستان هەموومان چاوەڕێی دەکەین ئەوانیش لەبەرچاو بگرن، بەسە ئیتر بیر لە دەستکەوتی تەسکی حیزبی نەکەنەوە و جۆری بیرکردنەوەی خۆیان بەرفراوانتر بکەن و لە ئاستی نیشتمانی و نەتەوەیی بیر بکەنەوە".
kdp-
