چاودێرێكی سیاسی: ئامانجەکانی پەکەکە کوردستانی نین

 چاودێرێكی سیاسی: ئامانجەکانی پەکەکە کوردستانی نین
شارەزایەکی کاروباری رۆژئاوا و باکووری کوردستان گوتی، مانەوەی پەکەکە لە شنگال بۆ ھەندێک ئامانجە ئەو ئامانجانەش کوردستانی نین و، لە بەرژه‌وەندیی کوردستانیش نییە، به‌ڵكه‌ خزمەتی دوژمنی کورد دەکات.



چاودێری سیاسی و شارەزا لە کاروباری رۆژئاوا و باکووری کوردستان (مەھدی حاجی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "شوێنی خەباتی پەکەکە باکووری کوردستانە، ٢٣پارێزگا هه‌نه‌ و ھەموویشی شوێنی زۆر باشە گەر پەکەکە بیەوێت خەباتی لێ بکات وداوای مافی خۆی بکات لە تورکیا كه‌ ئەوان بە شوێنی خۆیانی دەزانن، بەڵام شنگال شوێنی ئەوان نییە بێن و خۆیانی تێدا بسه‌پێنن.''



(مەھدی حاجی) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ''مانەوەی پەکەکە لە شنگال بۆ ھەندێک ئامانجە، ئەو ئامانجانەش کوردستانی نین و لە بەرژه‌وەندیی کوردستانیش نییە، به‌ڵكه‌ خزمەتی دوژمنی کورد دەکات و کێشە بۆ خەڵکی شنگال دروست دەکات، بۆیە پێویستە چۆڵی بکەن و بچنە ئەو شوێنانەی پێویسته‌ داوای مافی خۆیانی لێ بکەن، نەک بێن لە شنگال کێشە دروست بکەن و خۆیان بسه‌پێنن.''



ئەوچاودێرە سیاسییه‌ ڕوونی کردەوە، ''خۆی راستییه‌كه‌ی وایه‌ كه‌ لە تورکیایشدا پەکەکە ناتوانی بە هێزی چەکداری مافی خۆی بەدەست بێنێت، به‌ڵكه‌ پێویستە لە رێگەی ئاشتی بێت بەتایبەت ئەو پرۆژەی ئاشتییه‌ی کە (سەرۆک بارزانی) پێشکەشی کردبوو و ھەنگاوی باشیشی نا، هه‌ڵبه‌ت پێویست بوو زیاتر لەورێگەیە ئەو کارەیان کردبا.''



(حاجی) هه‌روه‌ها گوتی، ''پەکەکە ساڵ بەساڵ جگە لە جه‌ماوه‌ری كورد له‌ باكوور، ئەوانەی نزیک خۆیشیانن لە دەستی دەدەن، چونكه‌ دوور کەوتوونەتەوە لە ئامانجی میللەتی خۆیان و زیاتر بە دوای ئه‌جێندای دوژمنی خۆی کەوتووە، بۆیە پەکەکە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە کردارەکانیان لە بەرژه‌وەندیی کوردستان نییە و لە بەرژه‌وەندیی دوژمنی کورددایە، بۆیە پێویستە پەکەکە داواکاریی ھەرێم جێبەجێ بکات و شنگال چۆڵ بکات و بێتە سەر رێگای راست و خه‌باتی بۆ مافی گەلی کورد بێت.''
kdp-
Top