بارزانی و فرانسوا ئۆلاند سه‌ردانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن

بارزانی و فرانسوا ئۆلاند سه‌ردانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن

سەرۆکی فەرەنسا بۆ جاری دووەم سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات، سەرەتا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی هێزێكی پێشمەرگە دەكەن، پاشان لە هەولێر كۆدەبنەوە و شەڕی دژی داعش، ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و پشتیوانی فەرەنسا بۆ هێزی پێشمەرگە تاوتوێ دەكەن.

بڕیارە دوانێوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2/1/2017، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری فەرەنسا و شاندێکی یاوەرەی كە دیارترین ئەندامی شاندەكە ژان ئیڤ لو دریان، وەزیری بەرگریی فەرەنسایە، لە بەغداوە بگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

لە فڕۆکەخانەی نێوەدەڵەتیی هەولێر، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فرانسوا ئۆلاند، سەرۆكی فەرەنسا و شاندە یاوەرەكەی دەكات. پەیامنێری رووداو گوتی "دوای پشووێکی کورت لە فڕۆكەخانە، سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەرەیەكی شەڕ دەکەن و هێزەکانی پێشمەرگە بەسەردەکەنەوە".

دوای گەڕانەوەیان فرانسوا ئۆلاند و مەسعود بارزانی بە بەشداری چەندین بەرپرسی باڵای ەەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری سەرۆكی فەرەنسا لە هەولێر كۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا شەڕی داعش، ئۆپەراسیۆنی موسڵ و پشتیوانی زیاتری فەرەنسا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێ دەكەن.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 2/1/2017، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆكی فەرەنسا و شاندێكی یاوەری بە سەردانێكی فەرمی لە پاریسەوە گەیشتنە شاری بەغدا، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ هەریەك لە فوئاد مەعسووم و حەیدەر عەبادی، سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
payamner-
Top