بارزانی و ئۆلاند سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە چیای زەرتک

بارزانی و ئۆلاند سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە چیای زەرتک
فرانسوا ئۆلاند ، سەرۆکی فەرەنسا دوای هاتنی بۆ هەولێر، لە کاژێر 16:00 لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەیشتنە چیای زەرتک بۆ سەردانی سەنگەرەکانی پێشمەرگە.

دوابەداوی گەیشتنیان بە چیای زەرتک، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشە دوایین پێشهاتەکانی شەڕی داعشی خستەڕوو بۆ سەرۆکی فەرەنسا، هێڤیدار ئەحمەد پەیامنێری رووداو گوتی: "چەند کامێرایەک دانراوە بۆ ئەوەی سەرۆکی فەرەنسا بتوانێت ئەو ناوچەیە و تاوەکو ناو موسڵیش لە نزیکەوە ببینێت".

فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا لە چیای زەرتک سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"ئێمە هاتووین بە چاوی خۆمان پێشکەوتنەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بیبین بە سەر تیرۆریستاندا، سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەم کە ئەو دەرفەتەی رەخساند بۆ ئەوەی بتوانین بێینە ئێرە".

کاژێر 14:45 خولەکی دووشەممە فرانسوا ئۆلاند، سەرۆككۆماری فەرەنسا گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لە رێوڕەسمێكی فەرمیی و پرۆتۆكۆڵیدا لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی باڵا پێشوازی لێكرا.

شاندێكی باڵا یاوەری فرانسوا ئۆلاند دەكات و دیارترین ئەندامی شاندەكە ژان ئیڤ لو دریان، وەزیری بەرگریی فەرەنسایە، دیاترین ئەندامانی شاندەكەی هەرێمی كوردستانیش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆی حكومەت، مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش و ژمارەیەك وەزیرن.

مەسروور بارزانی، راوێژکاریی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە چیای زەرتکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەمە دووەم سەردانی سەرۆکی فەرەنسایە بۆ هەرێمی کوردستان، کاتێک داعش زۆر لە هەولێر نزیک بووبووەوە سەرۆکی فەرەنسا هاتە هەولێر و ئەوە پشتیوانییەکی گرنگ بوو، ئێستایش کە داعش شکستی هێناوە، دووبارە هاتووەتەوە بۆ کوردستان بۆ دەستخۆشی لە پێشمەرگە بۆ ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستیانهێناوە".

مەسروور بارزانی گوتی: "فەرەنسا خۆی قوربانی تیرۆرە و لێرە، تێکشکاندنی تیرۆریستان لێرە بووە لە کوردستان و بە دەست پێشمەرگە ، ئەوان رێز لەوە دەگرن، هەروەها فەرەنسا یەكیكە لە وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایش و هاتنی گرنگی و هاتنی سەرۆکی فەرەنسا بایەخی تایبەتی خۆی دەبێت".

سەبارەت بە ژمارەی دیلەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی گوتی: "من بە هۆکاری ئەمنی ناتوانم ژمارەی دیلەکانی داعش ئاشکرا بکەم بەڵام ژمارەیەکی زۆر دیلی داعش لای ئێمە هەن".
Top