سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک کۆماری فەڕەنسا کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 2\1\2017، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، گەیشتە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا.
لە میانی مەراسیمی پێشوازیکردنەکەدا، هاوشێوەی وڵاتێک، مەراسیمێکی پرۆتۆکۆڵی ڕێکخرا و جگە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، شێخ جەعفەر، فەرماندەی هێزی 70ی پێشمەرگە، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری گوێڕ - مەخمووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشوازییان لە ئۆلاند کرد.
هەر لە مەراسیمەکەدا، سەرۆکی فەڕەنسا چاوی بە دایکە عائیشە، دایکی شەهیدان کەوت و چەند دەقەیەک گفتوگۆی لەگەڵدا کرد. دواتریش کوڕ و هاوسەری شەهید (هوجام) کە یەکەم پێشمەرگەبوو لەلایەن داعشەوە تۆماری ڤیدیۆیی سەربڕینەکەی بڵاو کرایەوە، گوڵیان پێشکەش بە سەرۆک کۆماری فەڕەنسا کرد.
باسنيوز
