بەهۆی سووکایەتیکردنی ئەمریکییەک نوێنەری کیمیابارانی ھەڵەبجە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکات
لوقمان عەبدولقادر، ئەندامی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، ڕایگەیاند: ”کەسێک بەناوی ئاسۆ ڕەش کە کوردە و دانیشتووی ئەمریکایە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (یوتیوب)دا بڵاو کراوەتەوە، بە قسەی نەشیاو و ناشرین ھێرش دەکاتە سەر شەھیدانی ھەڵەبجە و کیمیاباران و شەھید عومەری خاوەر و بە قسەی نەشیاو سووکایەتییان پێ دەکات“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەمڕۆ دووشەممە 2\1\2017، لە دادگا وتەیان لێ وەرگیراوە و هیوای خواست، دۆسیەکە ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت. گوتیشی: ”دیارە ئەو کەسە لە ئەمەریکایە و بۆ ئەوەی دەستمان پێی بگات، لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا قسەمان کردووە، ئەوانیش بە ئیجابی وەڵامیان داوەتەوە و داوایان کردووە کە بەڵگەکانیان ڕادەست بکەین، ئێمەش سەرجەم بەڵگەکان دەدەینە کونسوڵخانەی ئەمریکا".
جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئێمە لە ھیچ کەسی قەبووڵ ناکەین سووکایەتی بە شەھیدانی کوردستان بە گشتی و ھەڵەبجە بەتایبەتی بکات، با کەسەکەش لە ھەر پۆست و ھەر بیر و بۆچوون و ڕەنگێکی ھەبێت، پێویستە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە شەھیدانی ھەڵەبجە ھێڵی سوورە بۆ ئێمە و ئەمڕۆ سکاڵای یاساییمان لەسەر ئەو کەسە تۆمار کرد“.
باسنیوز
