قایمقامی شنگال: تائێستا هیچ هەنگاوێک بۆ کشانەوەی هێزەکەی پەکەکە نەنراوە

 قایمقامی شنگال: تائێستا هیچ هەنگاوێک بۆ کشانەوەی هێزەکەی پەکەکە نەنراوە
قائیمقامی شنگال ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ کشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شنگال نەنراوە و نەکشاونەتەوە، دەشڵیت: "تا نەکشێنەوە، ناکرێت دەستی ئاوەدانی بگاتە شارەکە".

لەبارەی کشانەوەی پەکەکە لە شنگال، بیر و بۆچوونی جیاواز و لێدوانی جیاواز لەنێو سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان دروست دەبێت، عەگید جفیان، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پەكەكە لە شەنگاڵ، ڕاگەیاندووە "ئێستا هێزەكانمان لە شنگاڵ ناكشێنەوە و كشانەوەشمان پەیوەستە بە هاتنەدیی ئەو ئامانجەی كە بۆی هاتووین."

ئەمە لە کاتێکدایە پێشووتر، موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە میدیاکانی پەکەکەوە لەم بارەوە رایگەیاندبوو، "كێشەكانی شنگال لەڕێگەی دیالۆگەوە قابیلی چارەسەركردنن و دەشڵێت "لەڕاستیدا لە نێوان ئێمەدا گفتوگۆ هەیە، دوای گفتووگۆ هەپەگە لەو ناوچەیە دەبەینە دەرەوە".

لەم بارەوە، مەحما خەلیل، قائیمقامی شنگال، ڕایگەیاند، ناکرێت ئێمە چاوەڕوانی لێدوان و قسەی جۆراوجۆری پەکەکە بین کەلە شنگال دەڕۆن یان ناڕۆن، ئێرە ئیدارە و دامەزراوەی خۆی هەیە، تا ئێستا هیچ ڕێکخراوێکی جیهانی ئامادەیی دەرنەبڕیوە بەم دۆخەی شنگال کە پەکەکە هۆکاریەتی، بێن شارەکە ئاوەدان بکەنەوە، ئەگەریش بێت و بێن، سەرکەوتوو نابن، چونکە پەکەکە نایەوێت دان بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا بنێت."

گوتیشی: "تا پەکەکە لە شەنگال بێت ئاستەمە ئاوەدانی بگەڕێتەوە بۆ شارەکە، بۆیە دوودڵین لەوەی پەکەکە شارەکە چۆڵ بکات، چونکە لێدوانە جیاوازەکیانیان دەرخەری ئەو ڕاستییەن.












باسنیوز
Top