لێژنەی تەندروستیی پەرلەمان داوای جێبەجێکردنی خواستەکانی پزیشکان دەکات
عەبدوڵا جاسم، ئەندامی لێژنەی تەندرووستیی پەرلەمانی کوردستان،ڕایگەیاند: "داوامان لە حکوومەت کردووە، دامەزراندنی پزیشکان، شێوەیەکی ئیستیسنای ھەبێت". ئەوەشی ڕوون کردەوە کە نەبوون یان دانەمەزراندنی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو (موقیم)، کێشەیەکە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، دەبێت فشار لەسەر حکوومەت دروست بکرێت. جەختیشی لەوە کردەوە: ”وەزارەتی تەندرووستی دەبێت ھەوڵەکانی بخاتەگەڕ و ئەنجومەنی وەزیران ڕازی بکات، بۆ دامەزراندنی بەشێک لە پزیشکە دەرچووەکان، چونکە جگە لەوە، ھیچ چارەسەرێکی دیکە نییە".
عەبدوڵا جاسم لە لێدوانەکەیدا تیشکیشی خستە سەر ئەوەی: ”بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، لەگەڵ وەزیری تەندرووستی لەسەر هێڵین، تاوەکوو لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ بکات، ھیچ نەبێت نزیکەی 50% بۆ 60% ئەو پزیشکانە دابمەزرێن". گوتیشی: “ھیچ ھەواڵێکی دڵخۆشکەرمان پێ نییە، تاوەکوو بەڵێنی 100% بە پزیشکان بدەین بۆ دامەزراندنیان، بەڵام لە ھەوڵەکانمان لەگەڵ حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە بەردەوام دەبین".
ئەوەشی خستەروو پێویستە فشار بخەینە سەر رێکخراوە تەندروستیە جیھانیەکانی وەکو دەبلیو ئێچ یو ئەوانی کە بۆ ئەوەی بەشە بودجەیەک تەرخان بکەن بۆ کەرتی تەندروستی.
باسنیو
