کونسوڵخانەی فەرەنسا لەبارەی سەردانی ئۆلاند راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە میانی سەردانەکەیدا، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فرانسوا ئۆلاند لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش کۆ دەبێتەوە و دواتر سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و راوێژکارانی وڵاتەکەی لە هەولێر، دەکات.
سەرۆکی فەرەنسا لەو سەردانەیدا، پێنج تۆن دەرمانی پزیشکی لەرێگەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە پێشکەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، وەک هاوکاری بۆ ئاوارەکانی شاری مووسڵ، جگە لە هێنانی بڕێکی زۆر هاوکاریی تەندروستی و خۆراکی.
سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 2/1/2016، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری فەرەنسا بە سەردانێک گەیشتە شاری بەغدا.
پێشتریش لە مانگی ئەیلوولی 2014، فرانسوا ئۆلاند وەک یەکەم سەرۆکی وڵاتان بە فەرمی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
بەهۆی شەڕی تائیفی و داگیرکاریی داعشەوە، زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی ئاوارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوون.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
