وەزارەتی پێشمەرگە: داواکارییەکانی پێشمەرگە دەگەیەندرێتە هۆلاند
هەڵگورد حیکمەت، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و هۆشیاریی نیشتمانیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ڕاگەیاند: “بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 2\1\2017، فرانسوا هۆلاند، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، دوای بینینی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی ڕاوێژکار و ڕاهێنەرانی فەرەنسا دەکات کە مەشق بەهێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "وەک وەزارەتی پێشمەرگە، زۆر ڕازین لە مەشق و ڕاهێنان و کارەکانی وەزارەتی بەرگریی فەڕەنسا، چونکە هاوکاریی سەرەکی ئێمە بوون لەسەرەتای دروست بوونی داعشەوە تائێستا، یەکەم وڵات بوون هاتنە پێشەوە بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە، چ لە ڕێگای مەشق و ڕاهێنان و چ لە ڕێگای سەپۆرت و فڕۆکەی ئاسمانییەوە، نەبینراوە وڵاتێک پێش ئەوان بەو خێراییە هاتبێتەوە پێشەوە".
هەڵگورد حیکمەت ئەوەشی ڕاگەیاند: “بڕیارە پێشمەرگە داواکاری لە فرانسوا هۆلاند هەبێت، چونکە پێشمەرگە پێویستی بە هاوکاری هەیە، بەتایبەت ڕاهێنان و مەشق و دووبارە پێکهاتەی پێشمەرگە".
باسنیوز
