پەرلەمانتارێک: سەرۆکی فەڕەنسا هاوشێوەی وڵاتێک سەردانی کوردستان دەکات
ڤیان عەباس، جێگری سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: ”ئەمڕۆ دووشەممە 2\1\2017، فرانسوا هۆلاند، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات، ئامانج لەسەردانەکەی پرسی ھاوکاریکردنی پێشمەرگە دەبێت لە قۆناغی تازەی ئازادکردنەوەی مووسڵ، چونکە ئەوەی پێشکەش کراوە، بەپێی پێداویستیی شەڕ بووە، بەڵام بۆ داھاتوو، پێشمەرگە پێویستی بە شتی دیکەش دەبێت، زۆریش گرنگە بۆ پێگەی ھەرێمی کوردستان، چونکە ھاتنەکەی شێوەی چوونی بۆ دەوڵەتێک وەرگرتووە“.
سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوە کردەوە: "چاوەڕوان دەکرێت هۆلاند پەیامێکی نوێی بۆ کوردستان ھەبێت، پێشبینی دەکرێت دۆخی ئابووری و سیاسیی کوردستان باشتر ببێت، چونکە داعش بەرەو نەمان دەچێت و ئومێدەوارین گۆڕانکاری لە ئابووریی کوردستاندا بکرێت". گوتیشی: ”بەشێکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا، پەیوەندی بە پێداچوونەوەی پلانی سیاسی و سەربازی لە عێراق و کوردستانەوە ھەیە، چونکە چاوەڕوانن گۆڕانکاری لەھەندێک پلانی سەربازی و سیاسیدا بکرێت".
هەر لەمبارەیەوە، بەختیار عزەت دەرگەڵە، چاودێری سیاسی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”کوردستان، ئەمڕۆ دۆستێکی دۆزی کورد میوانتە“. ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ”پێدەچێت فەڕەنسا یەکەم وڵاتی جیهان بێت، دەوڵەتی کوردستان کاتێک ڕادەگەیەندرێت، بە فەرمی بناسێت“.
باسنيوز
