چەكدارانی حەشدی شەعبی ھاووڵاتیانی جەبارە و سلێمان بەگ ھەراسان دەكەن
ھاووڵاتییەكی عەرەبی سوننە بە كوردستان24 گوت: "چەكدارانی حەشدی شەعبی ھاتنە سەرمان و زێڕ و پارەیان بردوو و دوو كەسیان كوشت و رۆیشتن، ئێمە داواكارین پێشمەرگە ھاوكاریمان بكات و بمان پارێزێت، چونكە ئێمە سەر بە دیالەین نەك سەلاحەدین".
ھێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگاری كردن لە خەڵكی ئەو ناوچانە ھەڵمەتێكی سەربازیان ئەنجامدا و فەرماندەیەكی پێشمەرگە بە كوردستان24 راگەیاند: "چەكدارانی گرووپی حزوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبی، لە ناوچەی ئامرلی و سلێمان بەگەوە دزەیان كردووەتە ناو ئاواییەكانی ئەو ناوچەیە، ئەوانە دز و جەردەن و ھێزنین، چونكە ئەگەر ھێزبن، تەقە لەماڵی خەڵك و ژنان ناكەن و خزمەتگوزارییەكان تێك نادەن".
فەرماندەیەكی دیكەی پێشمەرگەش ئەوە دەخاتەڕوو: "رێگە بە ھیچ ھێزێك نادەین ئارامی ناوچەكە تێك بدات، ئەو سنوورە بە خوێنی پێشمەرگە پارێزراوە، ئەگەر جارێكی دیكە ئەو گرووپانە بێنەوە ناوچەكە رووبەڕوویان دەبینەوە".
K24
