فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان سەرچاوەی هاوەنەکەی داعشیان لەسەر داوای هێزە عیراقییەکانی ناو شاری موسڵ بۆردوومانکردووە

فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان سەرچاوەی هاوەنەکەی داعشیان لەسەر داوای هێزە عیراقییەکانی ناو شاری موسڵ بۆردوومانکردووە
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایگه‌یاند، داعش ناوچە پارێزراوەکان بۆ هێرشکردنەسەر هێزە عیراقییەکان بەکاردەهێنێت و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی هێزەکان بەرەو ناوەندی موسڵ ئه‌و هه‌وڵه‌ی‌ داعش زیاتر دەبیندرێت.

هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاند، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش سەکۆیەکی هاوەنیان لە نێوان باڵەخانەی دوو قوتابخانەی چۆڵکراوی رۆژهەڵاتی موسڵدا دامەزراندبوو و لێیەوە هاوەنیان ئاڕاستەی هێزە عیراقییەکان دەکرد.

بەپێی راگەیەندراوەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان سەرچاوەی هاوەنەکەی داعشیان لەسەر داوای هێزە عیراقییەکانی نزیک ناوچەکە بۆردوومانکردووە. لەکاتی بۆردوومانەکەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی لە ناوچەکەدا نەبووە و زیانێکی کەم بەر باڵەخانەی قوتابخانەکان کەوتووە.

هاوکات ئاماژەشکراوە بەوەی، کە رێکخراوی تیرۆرستیی داعش مزگەوت، نەخۆشخانە و قوتابخانەکانی ژێردەستی – کە هەموویان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پارێزراون – و وەک ناوچەی سەلامەت لەکاتی شەڕدا ئەژماردەکرێن، وەک کۆگای هەڵگرتنی چەک، خاڵی بەرگری و بنکەی ئۆپراسیۆنە تیرۆرستییەکانی بەکاردەهێنێت.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جه‌ختده‌كاته‌وه‌، بەکارهێنانی ئەم ناوچە سەلامەتانە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی هێزە عیراقییەکان بەرەو ناوەندی موسڵ زیاتر دەبیندرێت.

" سەرەڕای ئەوەی کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەواوی هەوڵی خۆی دەدات بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و پێکانی ئامانجی سەربازیی گونجاو، هاوپەیمانییەکە بەپێی یاساکانی پێکدادانی چەکداری بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی داعش لەهەر شوێن و هەر کاتێکدا کە گیانی هاوپەیمانەکانی لە مەترسیدا بێت" لە راگەیەندراوەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا هاتووە.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت کە تەواوی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان بە هەماهەنگی و پەسەندکردنی حکومەتی عیراقی ئەنجامدەدرێن. رۆژەکانی داعش لە موسڵ لە کۆتایی نزیک دەبنەوە. بەپشتیوانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە ماوەیەکی نزیکدا عیراقییەکان شارەکەیان ئازاد دەکەنەوە و دەیگەڕێننەوە بۆ هاوڵاتیانی.












خەندان
Top