ژمارەیەک ئەفسەری میحوەری داقووق بە تۆمەتی قاچاخیکردن لەگەڵ داعش دەستگیر دەکرێن
بەپێی ئەو نووسراوی ژمارە 2142ی لیوای 9ی پیادەی هێزی پێشمەرگە کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگریی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگەی کردووە و دەقی نووسراوەکە لە ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە، تێیدا ناوی 7 داواکراو بەرز کراوەتەوە کە بە هاوکاریکردنی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش تۆمەتبار کراون، لە نێویاندا 3 موقەدەم و 3 نەقیب و مولازمی یەکەمێک هەن و ئەرکەکانیان (فەرماندەی سریە، جێگری میرە، جێگری هەواڵگری، یاریدەدەری فەوج و فەرماندەی فەسیڵە).
هەر لەگەڵ ئەو نووسراوە، ڕاپۆرتێک هاوپێچ کراوە کە تێیدا باس لەوە کراوە: ”دوای گەیشتنی زانیاریی هەواڵگری لەبارەی بوونی چەند ئۆتۆمبێلێکی نەناسراو لە نزیک (تەپەی دووسەر) لە میحوەری داقووق، هێزێکیان پێکهێناوە و بینیویانە کە فەرماندەی سریەی 1ی فەوجی دوو لەگەڵ ئەفسەری کارگێڕیی هەمان فەوج، بە ئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگەوە لە شوێنێک بوون و دواتر بە دووری 30 بۆ 50 مەتر، هەندێک پێداویستیی ئۆتۆمبێل و سووتەمەنی و خواردن دۆزراوەتەوە. هەروەها لە نزیک ئەو شوێنە، چەند کەسێک هەبوون کە هێزەکەی پێشمەرگە هەوڵی داوە تەقەیان لێ بکات، بەڵام فەرماندەکەی پێشمەرگە ڕێگری کردووە، بەو بیانووەی کە ئەوانە پێشمەرگەن و بۆسەیان بۆ داعش داناوەتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە ئەو کەسانە قاچاخچیی داعش بوون.
ئەو کەلوپەلانەی لەو شوێنەدا دەستیان بەسەردا گیراوە، بریتین لە (فیول پەمپ و بوشی تویوتا هیلۆکس و گوجل پیم، جۆزەی گەرمی، فیول پەمپی دەرەکی، نۆزڵی گاز، پلاکی ئۆتۆمبێل، چبنەی پستن و ڕینگۆ، تاقم بەگن بیرن، تاقم ڕینگ. هەروەها جلیکانی بەنزین و ڕۆنی مەکینەی ئۆتۆمبێل، دۆشاوی خورما، دۆشاوی تەماتە، تایت، برنج، نیسک و شەکر).
باسنیوز
