کۆیە.. گەنجێک بەبۆنەی ساڵی نوێ کتێب دەبەخشێتەوە
زامدار ئەحمەد، گەنجێکی شاری کۆیەیە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەم پڕۆژەیەم، بە بۆنەی ھاتنی ساڵی 2017وەیە، پڕۆژەکەش جیاواز لەکۆی گشتی لەو پێشوازیکردنەی ساڵی نوێ، ھەر یەکە بە جۆرێک دەیکات، بۆیە بە پێویستم زانی کارێکی جیاوازتر بکەم، چونکە کۆمەڵگەی کوردی بە دەردی نەخوێندنەوە دەناڵێنێ و خوێندنەوە نەبوەتە کلتوور، ئەوەش نەخۆشییەکەی کوشندەیە، لەبەرئەوەش کۆی گشتی ئەو گرفتانەی بەسەر کوردستان دێت، بەشی زۆری گرفتی نەخوێندنەوەیە، بۆیە بۆ ڕووداوەکان ھەڵە لێکدانەوەمان ھەیە و ناتوانین دۆست و دوژمنی خۆمان لە یەکتر جیا بکەینەوە".
ئەو گەنجەی شاری کۆیە، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "لە سەرەتا ئەو پڕۆژەیە، تایبەت بوو بە برادەرانی فەیسبووکم، بەڵام بڕیار وایە بەیانی کاتژمێر 10 لە پەیمانگەی تەکنیکی ھەیبەت سوڵتان، نزیکەی 3 تا 4 سەد کتێب ببەخشین".
گوتیشی: "کتێبەکان، گشتی ھی خۆمە و کەس پشتگیری نەکردوم و ھەمووی لەسەر ئەرکی خۆمە، زۆربەی ھی کتێبخانەکەمە، زیاتر لە 5 سەد کتێبم بۆ بەخشین داناوە، ناونیشانەکانیشی ھەمەجۆرە و کتێبی کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی لەخۆ دەگرێت".
زامدار ئەحمەد، دەرچووی بەشی مێژووی زانکۆی کۆیەیە، تا ئێستا دوو کتێبی چاپکراوە و چواریشی ئامادەی چاپە.
bas news-
