جه‌مال مورتكه‌: هێشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە؛ ده‌بێ یه‌كگرتوو بین

جه‌مال مورتكه‌: هێشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە؛ ده‌بێ یه‌كگرتوو بین
(جەمال مورتکە) فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور دەڵێ، ساڵی رابردوو ساڵی پاشەکشەی داعش بوو، پێشمەرگەش توانی لەسەرجەم بەرەکانی جەنگدا سەرکەوتنی گەورە به‌ دەست بێنێ. دەشڵێ، ''گرینگە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەیەکەوە بڕیار بدەن و پێکەوە گفتوگۆ بکەن، ئەگەرنا پاشه‌ڕۆژمان گه‌ش نابێت.''


(جەمال مورتکە) فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور، باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ هاوکێشەی مووسڵ زۆر ئاڵۆزه‌ و بە هه‌وڵی نێودەوڵەتی چارە دەبێ، چونكه‌ پرسێکی ئەوەندەی سیاسییە ئەوەندە سەربازی نییە، ئه‌و ده‌ڵێ ''ئەو شەڕە بە بەرنامە دروست بووە و ململانێیەکی نێودەوڵەتییە، خەڵکانێک وایاندەزانی ئازادکردنەوەی مووسڵ ئاسانە و چەند ڕۆژێک دەخایەنێت؛ وه‌ك چۆن داعش هات ئاوایش بە ئاسانی دەڕوات، بەس دواتر گرفت لە نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا دروست بوو، تورکیا هاتە نێو هاوکێشەکەوە و ئێستایش شەڕ لە سووریا کۆتایی دێت و ئاراستەی عێراقی وەگرتووە، بۆیە شەڕی مووسڵ زۆر قورس و خوێناوی دەبێت.''

(جه‌مال مورتكه‌) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی هه‌روه‌ها گوتی، "زۆر گرینگە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەیەکەوە بڕیار بدەین و پێکەوە گفتوگۆ بکەین، ئەگەرنا ڕۆژێکی ڕەش چاوەڕوانمان دەکات.''

فەرماندەی گشتیی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور، جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ 2016 ساڵێك بوو کە پێشمەرگە توانی کۆتایی بە داگیرکاریی داعش لەسەر خاکی کوردستان بهێنێت، بەشی زۆری خاکی کوردستان ئازاد کراوە، بەڵام هێشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە و شەڕ لەبەر دەرگای کوردستانە، گوتیشی ''چاوەڕوان دەکرێت بە شێوازێکی دیکە شەڕ لەسەر کوردستان دەست پێ بکاتەوە".

هاوكات رایگه‌یاند، هاوپەیمانان و ئەمەریکا و ئەورووپایش پێیان وایە کە ساڵی رابردوو بۆ پێشمەرگە ساڵی سەرکەوتن و فراوانبونی دەستەڵات بوو، به‌ڵام وه‌ك (مۆرتكه‌) ده‌ڵێ، دەبوو دوومانگی رابردوو زۆرترین هەوڵیان ئەوە بوایە پێشمەرگە مەشقی زیاتری كرابا بۆ هەر ئەگەرێک كه‌ له‌ پاشه‌ڕۆژدا ڕوو له‌ هه‌رێمی كوردستان بێ.
kdp-
Top