فرانسوا ئۆلاند سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات
بڕیارە رۆژی دووشەممە 2-1-2017 فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق بکات و لەگەڵ فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆمار و حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، فرانسوا ئۆلاند دوای بەغدا سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی باڵای كورد كۆدەبێتەوە.
ئەمە یەكەمجار نییە ئۆلاند سەردانی كوردستان بكات، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 دا دوای هێرشی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، فرانسوا ئۆلاند وەک یەکەمین سەرۆککۆماری وڵاتان گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ئۆلاند لەو سەردانەیدا دووپاتیکردەوە، فەرەنسا لە سەر یارمەتیدانی سەربازیی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
فەرەنسا وەک ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپا و ئەنجوومەنی ئاسایش لە جیهاندا رۆڵێکی کارای هەیە و ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعشە، لەو چوارچێوەیەشدا هاوكاری هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش دەكات.
کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی لەمێژینەیان هەیە و ئەو وڵاتە رۆڵی دیاری لە دەرکردنی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبوو، کە تایبەت بوو بە راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە عێراق، ئامانجیش لە بڕیارەکە پاراستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو لە هەر هێرشێکی حکومەتی پێشووی عێراق.
payamner-
