لەهێرشە چەکدارییەکەی شاری نەجەف 22 کەس بوونە قوربانی
نەقیب میقداد موسەوی، گوتەبێژی پۆلیسی نەجەف، سەبارەت بەو هێرشەی کرایە سەر خاڵێکی پشکنین لە نەجەف، گوتی: "تیرۆریستان ئەمڕۆ شاری نەجەفیان کردە ئامانج بەتایبەت لە رۆژی یەکەمی ساڵی نوێی زایینی، ئەویش لە رێگای ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو کە 3 تیرۆریستی خۆکوژی تێدابوو".
میقداد موسەوی، گوتیشی: "ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکە لە باشووری نەجەف لە دەروازەی ناحیەی قادسیە، کە بە دووری 45 کیلۆمەتر دەکەوێتە ناوەندی نەجەف، لە خاڵی پشکنین لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە راگیراوە، دواتر پێکدادانی چەکداری روویداوە، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە سووتێنراو هەرسێ تیرۆریستەکە کوژران، بەڵام لە پێکدادانی یەکەمەوە بەداخەوە 7 شەهید هەبوون، 5 لەوان پۆلیس بوون و دووی دیکەش خەڵکی سڤیل بوون، هاوکات 15 کەسیش لە خەڵکی سڤیل و پۆلیس لە رووداوەکەدا برینداربوون".
گوتەبێژی پۆلیسی نەجەف، دەڵێت: "ئێستا دۆخی شارەکە بە تەواوەتی کۆنترۆڵکراوە و لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانیش دەستیپێکردووە و ئێستاش شار بە دۆخێکی ئاساییدا تێدەپەرێت، هاوکات قوربانییەکانیش گواستراونەتەوە نەخۆشخانەکانی شارەکە".
رووداو
