سەرکردەیەکی پارتی: نابێ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دووبارە بکرێتەوە

 سەرکردەیەکی پارتی: نابێ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دووبارە بکرێتەوە
سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێویستی دەزانێ کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکان دووبارە نەکرێنەوە، چونکە پێیوایە هیچ سوودێکیان نەبوو.

نەجات حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی رایگەیاند، جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان، سەرجەم ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دەستپێشخەریی موسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی پارتییان بە ئیجابی لەقەڵەم داوە و دەستخۆشیان کردووە.

نەجات حوسێن هەروەها رایگەیاند، کە لەم ھەفتەیەدا گەڕی دووەمی گفتوگۆکان دەستپێدەکاتەوە و گفتوگۆکانیشی بە پێویست زانی، چونکە ”ئەو دەستەی ئەو دیووی سنووری کوردستان دەیویست دۆخی ناوخۆی کوردستان بگۆڕن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر، حیکمەتی بارزانی ئەوەبوو نەیھێشت کەس دەست وەربدات لەم بابەتانە و خۆی دەستپێشخەری کرد".

بە گوتەی نەجات حوسێن، کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی هیچ سوودێکی نەبووە و پێویست ناکات دووبارە بکرێتەوە، بەڵام ”دەبێت سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ھەنگاو بنێین بۆ چارەسەری کێشەکان“.

ئەو سەرکردەیەی پارتی هەروەها رایگەیاند، کە لە قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکان پەیامی بارزانی گەیەندرایە حزبە سیاسییەکان و وەڵامیشیان وەرگرتەوە و ”گفتوگۆ لەسەر هەموو پرۆژەکان دەکات“.














باسنیوز
Top