سەرکردەیەکی پارتی: نابێ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دووبارە بکرێتەوە
نەجات حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی رایگەیاند، جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان، سەرجەم ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دەستپێشخەریی موسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی پارتییان بە ئیجابی لەقەڵەم داوە و دەستخۆشیان کردووە.
نەجات حوسێن هەروەها رایگەیاند، کە لەم ھەفتەیەدا گەڕی دووەمی گفتوگۆکان دەستپێدەکاتەوە و گفتوگۆکانیشی بە پێویست زانی، چونکە ”ئەو دەستەی ئەو دیووی سنووری کوردستان دەیویست دۆخی ناوخۆی کوردستان بگۆڕن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر، حیکمەتی بارزانی ئەوەبوو نەیھێشت کەس دەست وەربدات لەم بابەتانە و خۆی دەستپێشخەری کرد".
بە گوتەی نەجات حوسێن، کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی هیچ سوودێکی نەبووە و پێویست ناکات دووبارە بکرێتەوە، بەڵام ”دەبێت سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ھەنگاو بنێین بۆ چارەسەری کێشەکان“.
ئەو سەرکردەیەی پارتی هەروەها رایگەیاند، کە لە قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکان پەیامی بارزانی گەیەندرایە حزبە سیاسییەکان و وەڵامیشیان وەرگرتەوە و ”گفتوگۆ لەسەر هەموو پرۆژەکان دەکات“.
باسنیوز
