ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی ئیستەنبوڵ بۆ 39 کەس بەرزبووەوە
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 1-1-2017 لەکاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە لە یانەیەکی شەوانە لە ئیستەنبوڵ، چەکدارێک تەقەی لە ئامادەبووان کرد، لە ئەنجامدا بەپێی دوایین ئامار 39 کەس کوژران.
سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند "لەنێو کوژراوەکاندا 16 کەسیان بیانین و هێشتا پۆلیس هێرشبەرەکەی دەستگیرنەکردووە".
لەکاتێکدا حکومەتی تورکیا جەختی کردووەتەوە لەوەی هێرشبەرەکە تەنیا یەک کەسە، میدیاکانی تورکیاش باس لەوە دەکەن "هێرشبەرەکە جلوبەرگی سانتای پۆشیوە".
یانە شەوانەییەکە ناوی رەینایە و یەکێکە لە یانە شەوانە بەناوبانگەکانی ئیستەنبوڵ، نەک تەنیا لەلایەن گەنجانی ئیستەنبوڵەوە، بەڵکو لەلایەن کەسانی بیانیشەوە، لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکەشدا 700 کەس لەو یانەیەدا بوون.
میدیاکانی تورکیا لە زاری گەواهیدەرەکانەوە بڵاویان کردووەتەوە "هێرشبەرەکە بەزمانی عەرەبی قسەی کردووە".
رووداو
