کۆمەڵ و بزووتنەوە و یەکگرتوو گفتوگۆکانیان بە ئیجابی هەڵدەسەنگێنن

کۆمەڵ و بزووتنەوە و یەکگرتوو گفتوگۆکانیان بە ئیجابی هەڵدەسەنگێنن


نوێنەرانی هەرسێ لایەنە ئیسلامییەکەی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ شەممە 31\12\2016 بە ئەرێنی وەسف دەکەن و بەرپرسێکی کۆمەڵیش ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بۆ (باسنیوز) ئاشکرا دەکات.



دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان کە هەریەک لە عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بەشدار بوون، ڕێبوار حەمەد، گوتەبێژی کۆمەڵ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد: ”کۆبوونەوەکە ئیجابی بوو و ئامانج لێی، پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش و ڕاوێژکردن بە یەکتری لە تەواوی پرسە سیاسییەکان بوو“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە تا ئەوکاتە بەرەیەکی هاوبەش پێک دەهێندرێت، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت.



هەر لەمبارەیەوە د. عومەر محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕای گەیاند: ”ئەمە گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان لایەنەکانە، بۆ ئەوەیە پەیوەندیی نێوان لایەنە ئیسلامییەکان بەرەو باشتر بچێت، بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە لایەنە ئیسلامییەکان هاوکار بن تاوەکوو گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە ئیجابی بچێتە پێشەوە و دۆخی چەقبەستووی هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت و کێشەکان چارەسەر بکرێت“.



هەر لەبارەی گفتوگۆکانی نێو لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان، سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە گفتوگۆکاندا کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان پێشنیازی ئەوەی خستووەتە ڕوو کە هەرسێ لایەنە ئیسلامییەکە تا ئاستی یەکگرتن و یەکخستنەوەی تەواوەتیی ڕیزەکانیان بڕۆنە پێشەوە، بەڵام: ”یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی هێشتا ئەو باوەڕەیان لا دروست نەبووە و پێیانوایە تەنیا دەکرێت بە لیستێکی هاوبەش بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن“.



ئەو سەرچاوەیەی سەرکردایەتیی کۆمەڵ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەهۆی ئەو جیاوازییەوە، ئەگەر هەیە گفتوگۆکانی نێوان هەرسێ لایەنە ئیسلامییەکە ”سەدا سەد ئەنجامی چاوەڕوانکراو بەدەست نەهێنێت“.



ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشی هەر سێ لایەنە ئیسلامییەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە دەستەیەکی باڵای کاری هاوبەش بە مەبەستی "دانانی ڕێوشوێنی پێویست بۆ بە ئەنجامگەیاندنی پڕۆژەی یەکخستن و یەکگرتنی ئیسلامییەکان بە شێوەیەکی قۆناغ بەندی" پێک بهێندرێت.
bas news-
Top