وەزارەتی پەروەردە: ھیوادارین کوردستانی خۆشەویستمان بە سەربەخۆیی بگات
بەڕێوبەرایەتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێی زایینی، بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە 31/12/2016، بەڕێوبەرایەتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیامی پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی زایینی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە: "ئەمشەو دوا ساتەکانی ساڵی (٢٠١٦)ی زایینی بەڕێ دەکەین و دەچینە ساڵی (٢٠١٧). ئەمساڵمان قورس بوو، ساڵێک کە خوێنی دەیان پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ پاراستنی کوردستانە خۆشەویستەکەمان لە دەست تیرۆریستانی تاریکپەرەست بەخشرا، ئەو تیرۆریستانەی چاویان بە پێکەوە ژیان و گەشەسەندنی ھەڵنایێت".
بەڕێوبەرایەتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەدا تیشک دەخاتە سەر ئەوەش: "ھیوادارین ساڵی نوێیمان، ساڵی نەمانی ئاریشە و قەیرانی ئابووری بێت و کوردستانی خۆشەویستمان بە خەونی سەدان ساڵەی خۆی واتە (سەربەخۆیی) بگات".
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەی بەڕێوبەرایەتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە:
مامۆستایانی بەڕێز
قوتابیانی خۆشەویست
ئەمشەو دوا ساتەکانی ساڵی (٢٠١٦)ی زایینی بەڕێ دەکەین و دەچینە ساڵی (٢٠١٧). ئەمساڵمان قورس بوو، ساڵێک کە خوێنی دەیان پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ پاراستنی کوردستانە خۆشەویستەکەمان لە دەست تیرۆریستانی تاریکپەرەست بەخشرا، ئەو تیرۆریستانەی چاویان بە پێکەوە ژیان و گەشەسەندنی ھەڵنایێت.
ساڵێکی قورسیش بوو بۆ کەرتی پەروەردە و مامۆستایانی بەڕێز ژیانێکی قورسیان تێپەڕاند، بەڵام گەورەیی خۆیان نواند و ڕێگەیان نەدا ڕۆڵەی شەھید و پێشمەرگە و ھاوڵاتیانی کوردستان بێ خوێندن بمێننەوە و ئەوەیشی کە خۆنەویستانە ڕووی دا، وا ئێستا ھەموومانی تەیار کردووە تا بە نوێبوونەوەی ساڵ، دەرگای قوتابخانەکان بە گوڕ وتینی زۆرترەوە بە ڕووی قوتابی و خوێندکاراندا بکەینەوە.
سوپاسی ھەموو دەزگا میدیایی و ڕۆژنامەنووسییەکان دەکەین کە کەم تا زۆر ھاوکاری کەرتی پەروەردە و ئێمە بوون و بە بەھاوە بایەخیان بەم کەرتە داوە و تێگەیشتوون کە ئەوانیش بەشێکن لەم پڕۆسە گرنگەی ژیان.
ھیوادارین ساڵی نوێیمان، ساڵی نەمانی ئاریشە و قەیرانی ئابووری بێت و کوردستانی خۆشەویستمان بە خەونی سەدان ساڵەی خۆی واتە (سەربەخۆیی) بگات.
bas news-
