مه‌سعود بارزانی‌: دڵنیام ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا تێدەپەڕێت

مه‌سعود بارزانی‌: دڵنیام ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا تێدەپەڕێت
مه‌سعود بارزانی‌ به‌بۆنه‌ی‌ ساڵی نوێی زاینی پیرۆزبایی له‌گه‌ڵی‌ كوردستان ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت "كوردستان خاوەن گەلێكی بەهێز و زیندووە و دەتوانێ بە باشترین شێوە سوود لە سامانەكانی وەربگرێ. بۆیە دڵنیام ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئیستاش تێ دەپەڕێت و ئایندەیەكی زۆر گەش چاوەڕێی دەكات".

له‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ بارزانیدا هاتووه‌ "ساڵی ٢٠١٦، بەهۆی ڕەوشی خراپی ئابووری لە ئەنجامی بەردەوامبوونی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق و دابەزینی نرخی نەوت و خەرجییەكانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر، بارگرانییەکی لێ کەوتەوە کە بووە هۆی سەختیی گوزەران بۆ گەلەکەمان، بەڵام ئێوەی هاونیشتیمانییانی کوردستان، خۆڕاگرییەکی کەموێنەتان پێشان دا و بوونە پشتوپەنا بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان تا گەورەترین داستانی تێکشکاندنی تیرۆرستان تۆمار بکەن. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێ پایانی گەلی كوردستان بكەم بۆ خۆڕاگری و هەڵوێستی بەرپرسانەیان. كوردستان خاوەن گەلێكی بەهێز و زیندووە و دەتوانێ بە باشترین شێوە سوود لە سامانەكانی وەربگرێ. بۆیە دڵنیام ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئیستاش تێ دەپەڕێت و ئایندەیەكی زۆر گەش چاوەڕێی دەكات".

"پێشمەرگەی کوردستان، بۆ پاراستنی گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانییەوە قوربانی و خوێنێكی زۆری بەخشی و، لەپێناو پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەكان و ژیانی مەدەنی لە جیهاندا لەبەرامبەر گەورەترین هەڕەشەی سەردەمدا فیداكارییەكی كەموێنەی نواند و ئێستا خۆشبەختانە دەتوانین بڵێین نزیکەی تەواوی خاکی کوردستان ئازاد کراوە. ساڵی ٢٠١٦ جگە لە داستانی تێکشکاندنی داعش و ئازادکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان، لەڕووی دیپلۆماسی و درەوشانەوەی ناوی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، ساڵێکی پڕ دەستکەوتی سیاسی بوو بۆ کوردستان و بە دەیان کەسایەتی و شاندی باڵای دەوڵەتان سەردانی کوردستانیان کرد و ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ ئازایەتیی پێشمەرگە و بەها بەرزەکانی گەلەکەمان پێشان دا" مه‌سعود بارزانی‌ وای‌ وت.


له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ بارزانی-دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ "لەپێناو چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمدا هاتوونەتە پێش، ڕۆژی ٢٠ـی١١ـی٢٠١٦، لە پەیامێکدا بۆ ڕای گشتی، هەڵوێستی خۆمم ڕاگەیاند و داوام لە حزبەکان کرد بکەونە گفتوگۆ و بگەنە ڕێککەوتن. دوای ئەو پەیامە چەند دانیشتنێک لەنێوان حزبەکان بەڕێوەچووە، من ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی دانیشتنی حزبەکانم و هیوادارم بگەنە چارەسەری گونجاو، چونکە چیتر نابێ ئەم دۆخە بەم شێوەیە بمێنێت. ناوچەكە لە گۆڕانكاری بەردەوامدایە و گەلی كوردستان ئێستا لە هەموو كات زیاتر داوای یەكڕیزیمان لێ دەكات. بۆ ڕەوشی ناوخۆیش لەسەر هەموومان پێویستە، هەوڵی باشكردنی ژیانی خەڵكی كوردستان بدەین و سوود لە دەرفەتەكانی ئێستا وەربگرین".


مه‌سعود بارزانی‌ ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكردووه‌ "هیوادارم ساڵی 2017 كێشە و قەیرانەكان کۆتاییان بێت و ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و كۆتایی بە هزری شەڕانگێزی تیرۆر و توندڕۆیی و ئینكار بێت و بەختەوەری و ئاسوودەیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێتەدی".
xendan -
Top