به‌رپرسێكى ئه‌وقاف زانیارى له‌باره‌ى د. خاوه‌ر ده‌خاته‌ڕوو

به‌رپرسێكى ئه‌وقاف زانیارى له‌باره‌ى د. خاوه‌ر ده‌خاته‌ڕوو
به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندییه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف له‌ حكوومه‌تى هه‌رێم، له‌باره‌ى كۆچى دوایی ژنه‌ پزیشكه‌كه‌ى شارى هه‌ولێر كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی منداڵبووندا كۆچى دوایی كرد، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ وه‌رزى حه‌جى ساڵى 2014 له‌ سعوودیه‌، ئه‌و پزیشكه‌ زۆر به‌شێوه‌یه‌كی مرۆڤدۆستانه‌ هاوكارى و چاره‌سه‌رى پێشكه‌ش به‌ حاجییه‌ ئافره‌ته‌كانى كورد، كردووه‌.



مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندى، به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندییه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌باره‌ى ئه‌و پزیشكه‌ ئافره‌ته‌ى كه‌ شه‌وى ڕابردوو له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی منداڵبوونى ئه‌هلى له‌ شارى هه‌ولێر كۆچى دوایی كرد، ده‌نووسێت :" دكتۆرە خاوەر، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبون كەلەتەمەنی 41 ساڵیدا دوێنێ شەو لەهەولێر لەكاتی منداڵبوونی خۆیدا كۆچی دوایی كرد، جگە لەوەی پزیشكێكی شارەزا و لێهاتوو بوو، لەسەفەری حەجدا ساڵی 2014 پێكەوە بوین، لەو سەفەرەدا بەردەوام لەخزمەت حاجیە ئافرەتەكاندا بوو".



باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ :" هەموو ئەركەكانی حەج و عیبادەتی زۆر به‌ جوانى بەجێ دەگەیاند".



مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندى، له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ "فه‌یسبووك" ده‌شنووسێت :" بەدرێژایی ئەو مانگەی لە سعودیە بوو، لە هەركات و هەر شوێنێكدا هەر حاجیەكی نەخۆشی ببینیایە بەهانایەوە دەچوو".



بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیەندنی وەزارەتی تەندروستێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە هەولێر خانمە پزیشک و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوون کۆچی دوایی کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی کەلە ئەکاونتی تایبەتیی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کراوەتەوە، خانمە پزیشک د. خاوەر ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر ئەمڕۆ هەینی 2016 -12- 30 کۆچی دوایی کردووە.



د. خاوەر یەکێک لە پزیشکە دڵسۆز و خەمخۆر و چالاکەکانی هەولێر و بواری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بووە.
bas news -
Top