کارایلان: یەکێتیی کوردان ئامانجی ستراتیژیی ئێمەیه؛ هێزەکانمان له شنگال دەکشێنینەوه
کارایلان له گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنێکی نزیک له پ.ک.ک گوتی، یەکێتیی کوردان وەک ئامانجی ستراتیژی دەبینین و دەبێت کێشەی ناوخۆیی به گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.
کارایلان ئاشکراشی کرد، لەسەر بوونی پ.ک.ک له شنگال، لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان له گفتوگۆدان و بۆ یەکجار ئاشکراشی دەکات که دوای کۆتایی هاتنی گفتوگۆکان هێزەکانیان دەکشێننەوه.
سەبارەت به وتەکانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بوونی پ.ک.ک له شنگال، کارایلان گوتی: نازانم ئەو لێدوانه بۆ چی درا، له راستیدا پێویستیی بەم وتانه نەدەکرد.
روونیشی کردەوه: "لەسەر ئەو بڕوایەم مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوه دەستپێشخەریی دەبێت. سیاسەتی کورد خاوەنی ئەزموونه. ئێمەش لەسەر ئەم جۆره پرسانه لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن چەند ئەزموونێکین. چاوی جیهان لەسەر ئێمەیه که ئایا کێشەکان به شێوەی سەردەمیانه و دیالۆگ چارەسەر دەکەین، یان کرداری پێشوو دووباره دەکەینەوه. بێگومان ئێمه دەبێت کرداری بنیاتنەر بگرینەبەر."
payamner -
