بەشارەتی: پێویستە یەکەم ھەنگاوی چارەسەر کردنی کێشەکان گۆرینی سەرۆکی پەرلەمان بێت
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە "فازل بەشارەتی" بە بەئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رێگرە لە ھەموو ئەو بیانووانەی کە لە رابردوو لایەنەکان دەیانھێنایەوە و دەبوونە رێگر لەبەردەم وتووێژەکانی چارەسەرکردنی گرفتەکان کە بۆتە گرفتی ھەر تاکێکی کوردستان و حاڵەتێکی دەروونی خراپی لای خەڵکی کوردستان دروست کردووە."
فازل بەشارەتی گوتی: لەدوای راگەیاندنی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ھەموو لایەنەکان پێشوازیان لێکردووە، بەڵام ئەوە دەمینێت تاچەند لایەنەکان سەرکەون بەسەر ئەو کۆسپانەی لەبەردەم گفتوگۆکان ھەبوونە.
وتیشی: وتووێژی ئەمجارەش وەکو پەیامەکەی سەرۆک بارزانی جیاوازی ھەبێت کە چۆن پەیامەکە تەعبیر لە داخواز لە خەڵکی کوردستان و لایەنەکان دەکات، پێشوازی لایەنەکانیش لە شاندی پارتی ھەموو ئامادەییەکیان تێدا بێت، بۆچارەسەرکردنی کێشەکان موژدەی خۆشیان بۆ خەڵکی پێبێت.
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، سەردانەکانی پێشوو ی شاندی پارتی بۆ لایەنەکان بۆ تواندنەوەی ئەو بەستەڵەکە بووە که له نێوان حیزبەکان و ئاشتبوونەوەی لایەنەکان بووە و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بووە، بۆیە سەردانەکان بەردەوام دەبێت و لە گەڕی داھاتوو چاوەڕێی سەرکەوتنی وتووێژەکان دەکرێت.
باسی لەوەشکرد، "لەبەر ئەوەی سەرچاوەی کێشەکان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دروست بووە، پێویستە دەستپێکی چارەسەریەکانی لەوێوە دەست پێبکات و سەرەتا کێشەی سەرۆکایەتی پەرلەمان چارەسەر بکرێت و کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکان گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان بێت.
بەشارەتی راشیگەیاند: "گەر پەرلەمان کارا بوو و سەرۆکی پەرلەمان گۆڕدرا ئەوکات دەتواندرێت ئەو وتوێژی نێوان لایەنەکان نەمینێت و لەناو پەرلەمان کێشەکانی دیکە وەکو دەستور و پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم چارەسەر بکرێت، ئەمەش بە رێنمایی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حیزبەکان، بۆیە گەر کێشەی سەرۆکی پەرلەمان چارەسەر بێت گرفتە گەورەکە چارەسەر دەبێت.
payamner -
