ئاسایش، لەبارهی دهستگیركردنهوهی تیرۆریستێک ڕوونکردنەوەی دا
لە رۆژانی ڕابردوودا، سایتی نیقاش هەواڵێکی ناراست و ناتەواوی لە بارەی دەستگیرکردنی تیرۆریستێک بە ناوی (ئەحمەد حسێن عەبدولڕەحمان محەمەد ئەلعزی) بڵاوکردەوە، دوای ئەمەش چەند کەناڵ و دەزگای راگەیاندنی لۆکاڵی چەواشەکارانە ئەم هەواڵەیان بە شێوەی جیاجیا بڵاوکردەوە.
سایتی نیقاش بەبێ بەدواداچوون و پرسکردن بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەم هەواڵەی بڵاو کردەوە، گەرنا بە ئاسانی بۆیان دەردەکەوت کە ئەم تیرۆریستە بۆچی دوو جار هەواڵی دەستگیرکردنی بڵاو کراوەتەوە.
بۆ گشت لایەکی ڕوون دەکەینەوە، کە ئەم تیرۆریستە، برای تیرۆریستی داواکراو (محەمەد حسێن ئەلعزی) ناسراو بە (حەمادی)یە، کە ئێستا لە سنووری حەوێجەیە. مانگی ئاداری ساڵی 2014، تیرۆریست (ئەحمەد حسێن ئەلعزی) لە پرۆسەی پشکنینی خانووی براکەیدا، کە ڕایکردبوو بە کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنییەوە دەستگیر و ڕادەستی دادگا کرا و پەراوی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوە، ناوبراو ماوەیەک لە زیندانی تەسفیراتی كهركووك بەند بووە، دواتر گواستراوەتەوە بەندیخانەیەکی سەر بە پارێزگای سلێمانی و دوای چوار مانگ دووبارە گواستراوەتەوە بۆ بەندیخانەی تەسفیراتی كهركووك، بەڵام بە بڕیاری دادگای تاوانەکانی كهركووك بە ژمارە 223ج لە 5/7/2015 بە بیانووی ئەوەی چەک و تەقەمەنییەکان هی براکەی بووە ئازاد کرا، کەچی ناوبراو دووبارە پێوەندیی بە براکەی، تیرۆریست (حەمادی) کردەوە و ئەوە بوو لە 25/10/2016 لە حەی عەسکەریی شاری كهركووك لە پێوەندی بە هێرشەکەی كهركووكەوە دووبارە دەستگیر کرا و دانپیانانەکانیشی دواتر بڵاوکرانەوە.
بۆ هەموو لایەکی دووبارە دەکەینەوە کە کێشەیەکی سەرەکیی دەزگا ئەمنییەکانی شاری كهركووك ئەوە بووە، کە هەمیشە تاوانباران و تیرۆریستان بە بیانووی جیاجیا بە ئاسانی ئازاد دەکرێن و بە دەیان نموونە هەن، کە ئازادکراوەکان دووبارە پێوەندییان بە تیرۆریستان کردووەتەوە. هێزەکانی ئاسایش بە خوێنی خۆیان ئاسایشی هەرێمی کوردستان و كهركووكیان پاراستووە و کارێکی ناشایست و ناڕەوایە لە میانەی ململانێ سیاسییەکاندا هەوڵی دروستکردنی تۆمەتی نابەجێ بۆ هێزەکانمان بدرێت.
kdp-
