دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم: دەبێ پەکەکە شنگال چۆڵ بکات
(نەسرەدین سەعید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئەو هێزە نامۆیانەی لە دەرەوەرا هاتوون، دەبێ خاكی هەرێم بەجێ بێڵن، چونكە رەوشی ئەو ناوچانەیان تێكداوە كە خۆیان لێ جێگیر کردووە. وەك چۆن بینیمان حەشدی شەعبی رەوشی ناوچەی خورماتووی تێكداوە و تەبایی و یەكڕیزی و ئاشتەوایی نێوان نەتەوە و پێكهاتەكانی ئەم شارەی شێواند كە چەندین ساڵە بەیەكەوە بەبێ كێشە دەژیان، یان ئەوەتا هەڵسان بە دروستكردنی هێز لەم ناوچانە و بوونەتە مەترسی لەسەر خاكی ئێمە و خەڵكی ئەو ناوچانە هەست بە ئارامی ناكەن."
سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاماژەی دا، "هێزەكانی پەكەكە و یەپەگە و یەپەژە و ئەوانی دی هاتنە شنگال بۆ یارمەتیدانی برا كوردەكانیان دەبێ سوپاسیان بكرێت، بەڵام وەك چۆن هێزی پیشمەرگە چووە كۆبانی و هاوكاریی كوردانی ئەوێی كرد، بهڵام كە ئەركەكەی تەواو بوو، بەبێ كێشە دروستكردن گەڕایەوە، ئاوایش دەبێ هێزەكانی پەكەكە شنگال چۆڵ بكەن. خۆ شەڕ لە بەرەكانی جەنگ دەكرێت نەك لە سەنتەری شارەكانەوە. ئاخر هەركاتێك ئەركی پێشمەرگەش تەواو بێ، ئەوا ئەمنیەتی ناوچەكە رادەستی پۆلیس و ئاسایش دەكات."
(نەسرەدین سەعید) ڕوونیشی كردەوە: "زۆربەی حزب و لایەنەكان هێزیان لە ئیزدییەكان دروست كردووە هەتا بگرە حكوومەتی عێراق و حەشدی شەعبییش، بۆیە مەترسییەكی گەورە لەسەر پاشەڕۆژی برایانی ئیزدی بوونی هەیە و، پێویستە هەرچیی زووە هەموولایێك بەخۆیاندا بچنەوە و دەست لە زیانگەیاندن بە برا ئیزدییەكان هەڵگرن."
kdp-
