کەمال کەرکووکی: پاشەڕۆژی کوردستان ڕووناکە؛ بڕوام بە عێراق و دەستوورەکەی نەماوە
سوپای عێراق، ملی پێکهاتەکانی خستە بەردەم شمشێری داعشانەوە
ئەو ناوچانەی لە سەردەمی ڕژێمە دیکتاتورەکانی عێراق عەرەبێندرابوون و دیمۆگرافیای ناوچەکانی شێوێندرابوون، لە پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە و نووسینەوەی دەستووردا، ماددەی (١٤٠)ـی بۆ دیاری کرا و ناوی لێ نرا "ناوچە کێشەلەسەرەکان" و لە هەرێمی کوردستانیش "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان"، بەگوێرەی ئەم ماددەیەی دەستووری عێراقئ فیدراڵ، دەبوو ئەو شوێنانە لە ماوەی (٢) دوو ساڵدا ئیدارەکەی بە ڕیفراندۆم یەكلا بکرابایەوە. کەچی وەک (د. کەمال کەرکووکی) دەڵێ، بە پیلانی زۆرینەی کاربەدەستانی حکوومەتی فیدراڵ، نەیانهێشت ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ بکرێت و، زۆربەی ئەو شوێنانەش سوپا و پۆلیس و سەحوەی عێراق لێی جێگیر کرابوون بە ناوی ئەوەی دەیانپارێزن.
وەک (کەرکووکی) بۆ مێژوو دووپاتی دەکاتەوە، ئەو شوێنانەی دەکەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ـەوە، کە پاراستنیان بە سوپا و پۆلیس و سەحوەی عێراق سپێردرابوون، نەك هەر نەیانتوانی بیانپارێزن، بەڵکە بەبێ بەرگری و بەبێ ئەوەی یەك فیشەك بتەقێنن، ناوچەکانیان بەجێ هێشت و هەرچییان هەبوو لە تۆپ و تانك و هامەر و ئالیات و عیتاد و گشت کەرەسەی سەربازی، بۆ داعشانیان بەجێ هێشت و خۆیان بە سەڵتی هەڵاتن و ژمارەیەکیانیش بوون بە داعش و خەڵکی سڤیلی ناوچەکەیان بەگشت پێكهاتەکانییەوە (کورد، عارەب، تورکمان، کلد سریان ئاسوری و ئەرمەنی و سابیئەی مەندایی)، لە پێشی شمشێری تیرۆریستانی داعش بەجێ هێشت بۆ مردن یان کۆیلایەتی؛ هاوکات دامەزراوەکانی نەوت و غاز و کارەبا و ئاو و شوێنە ستراتیجییەکانیشیان هەر هەمووی بۆ داعش جێ هێشت.
ئەوەی بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک هێنایە بەر باسەوە، ترسی زۆری خستە دڵی عێراقییەکانەوە و، ئەم ترسە تا دەهات پەرەی دەستاند، بەڵام پێشمەرگەی کوردستان بەرگریی سەختی کرد و، داعشی ڕاگرت لەوەی چی دی پێشڕەوی نەکا و سنووری دەولەتی خیلافەکەی بەرەو سنووری خاکی باشووری کوردستان هەڵنەکشێ.
(کەمال کەرکووکی) جەخت دەکاتەوە، "پێشمەرگە بوو تیرۆریستانی داعشی ڕاگرت و ناوچەکە و گشت دانیشتووانەکانی پاراست، بە یەکسانی و بەبێ جیاوازیی نەتەوە و ئایین و زمان. پێشمەرگە بە پلانی دروست و بوێری و گیانلەسەردەستی خۆبەختکاریی بێوێنەی، توانی هەنگاو بە هەنگاو تیرۆریستان ڕاوبنێن و هەڵیانبتەکێنن و سامی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە و لە جیهان بشكێنن. پێشمەرگە ئەو ناوچانەی دووبارە ڕزگار کردەوە کە تیرۆریستان داگیریان کردبوو."
پێشمەرگە لە ماڵی خۆیەتی، لەبەرچی بکشێتەوە؟
پاش هەموو ئەو قوربانیدانە لە پێناو ئازادکردنەوە و پاراستنی خاکی کوردستان، لە لایەن بەرپرسانی بەغداوە جاروبار باس لەوەیە پیشمەرگە بۆ سنوووری پێش جەنگی داعش بکشێتەوە، بەڵام (کەرکووکی) دەپرسێ، "پێشمەرگە لە ماڵی خۆیەتی لەسەر خاکی کوردستان، بۆ چ شوێن بڕوات؟ لەبەر چی؟ ڕەوایە خاکی خۆت بە قوربانیدان بە خوێن و لەخۆبردوویی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان ڕزگاری بکەیت، جارێکی دیکە بێی و بڵێی، ئەی ئەو سوپایەی کە لە کاتی پێویستدا هەڵاتی و ڕات کرد و هیچت پێ نەکرا و هەرچییت هەبوو لە تفاقی سەربازی و جەنگ، بۆ داعشت جێهێشت!، فەرموو وەرن ئێمە ئەڕۆین و لە خاکی خۆمان دەچینە دەرەوە؟، ئێوە وەرن بیپارێزن! تاکوو ماددەی (١٤٠)ـی دەستووری عێراق جێبەجێ دەبێت!، ئەو ماددەیەی لە ماوەی (١٣) ساڵدا نەتانهێشت جێبەجێ بێت؟! ئاخر ئەمە چ عەقڵ و مەنتقێک قەبووڵی دەکات؟، بۆیە ئێمە دەڵێین: (گەل و خاکی کوردستان لە تیرۆریستان پاك دەکەینەوە و دەیانپارێزین)."
(کەرکووکی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی وەڵامی ئەم پرسیارانەی کردبوونی دایەوە و گوتی: "جارێکی تر سوپای عێراق بێت و بڵێت دێمەوە ئەو شوێنەی ڕادەستی داعشم کردبوو، شتی وا نابێت و پێشمەرگە لەم جێگایە ناکشێـتەوە کە بە خوێن ئازادی کردوون، چونکە ئەرکی پێشمەرگەیە خاکی کوردستان بپارێزێت. ئەم شەڕەی پێشمەرگە کردی ئیسپاتی کرد بۆ دنیای دیموکراسی کە کورد ھێزێکی باوەڕپێکراوی ھەیە و دەتوانرێ پشتی پێببەسترێ، لەبەر ئەوە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و پابەندبوونی بە یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ و جیھانبینیی پێشمەرگە وای پیشان دا، کە کوردستان ھێزێکی ھەیە دەتوانێ خۆی پێ بپارێزێ."
عێراق (ناقص السیادە)یە
(کەرکووکی) جەختی کردەوە: "بەھیچ جۆریک بڕوام نەبە عێراق و نە بە دەستوورەکەی و ھیچ شتیکی نییە و نەماوە. ئاخر دەوڵەتێک بە زۆر سنوورەکەی بۆ دروست کراوە، کوردستانیش بەبێ ئیرادەی گەلەکەی پێش ١٠٠ ساڵ کە بەرەنجامی ڕێککەوتنامەی سایکس پیکۆیە بە زۆر و بەبێ ئیرادەی گەلی کورد و ڕازیبونمان بە عێراقی عارەب و عێراقی عەجەمەوە لکێندرا، بۆ بەرژەوەندیی ھەندێک وڵات دەوڵەتێکی فاشلی وەک عێراقیان دروست کردووە، لەکاتێکدا یەک ڕۆژ عێراق یەکپارچەیی بە خۆیەوە نەدیوە، کوردیش ھەمیشە لە نەھامەتیدا بووە و پشووی نەداوە؛ کیماباران و ئەنفال و لە (٣٠) سیی ساڵی ڕابردوودا، (٥) پێنج جار جینیۆساید کراوە. جا عێراقێک نە ئاسمانەکەی لە دەستی خۆیەتی نە زەوییەکەی، نە گەلەکەی نە سنوورەکەی، نە دیپلۆماسیەتی و نە ئابوورییەکەی لە دەستی خۆیەتی، وڵاتێکە سەروەریی تەواو نییە (ناقص السیادە)، بڕوای چیمان پێی بێت جارێکی دی ئیرادەی خۆمانی بدەینە دەست!. عێراق کە بودجەی کوردستانی بڕی و میزانیەی پێشمەرگەی نەدا، بەهانەی ئەوە دێنێتەوە کە کوردستان نەوتی خۆی دەفرۆشێت، خۆ هەموو دەزانین هێشتا کوردستان نەوتی دەرنەهێنابوو ئەوان میزانیەی کوردستانیان بڕی. ئێستا چۆن بڕوای پێ بکەین؟، هەڵبەت دەبێت خۆمان بڕیار بدەین چۆن دەژین، نەک بەغدا ڕێ و شوێنمان بۆ دابنێ، دەستووری عێڕاق کام ماددەی کە پەیوەندی بە کوردستانەوە هەبێت جێبەجێ کراوە؟ و ماددەی (١٤٠) خۆیان بە دەنگ و بە ڕەنگ دەڵێن ڕێگر بووین لە جێبەجێکردنی."
هاوبیرانی تیرۆر ویستیان ناوی پێشمەرگە بزڕێنن، بەڵام نەیانتوانی
لەم یەکدوو ڕۆژەی ڕابرد، پرسی هەبوونی مەترسی لەسەر کەرکووک و پێویستیی هێنانی هێزی عێراق بۆ سنوورەکە، وروژێندراوەتەوە و لەمبارەوە بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک دەڵێ: "زۆر سەربەرزین بە گەلەکەمان کە ئەم پێشمەرگە سەربەرزانەی هەیە و، زۆر مەردانە و سەربەرزانە توانی تیرۆریستانی داعش بشکێنن. لە کوردستانی باشووریش یەکەم میحوەرین کە هیچ گوندێکی کوردنیشین و تێکەڵ، لەژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعشدا نەهێڵین. ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە لە سنووری میحوەرمان گشت هێز و لیوا و یەکەکانی پێشمەرگە وەکو یەك تیم کار دەکەین، باوەڕبەخۆ و بە سەرکەوتنی تەواو سەربەرز کار دەکەین و چ پێویستمان بە هێزی دیکە نییە. تایبەت بە ساڵی ٢٠١٦ ئەوە ھەموو بە دۆکۆمێنت ھەیە چۆن پێشمەرگە سەرکەوتووانە شەڕ دەکەن، بۆیە جەنگێکی گەورەی دژی تیرۆریستان کرد و ناوی کوردستانی لە نەخشەی جیھاندا نووسییەوە، دەستکەوتی گەورەی بۆ کوردستان بەدی ھێنا، هەماهەنگیێکی تەواویش لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە و کارەکان باش بەرەو پێشەوە دەچن."
(کەرکووکی) جیا لەم باسە دەڵێ، هەڵبەت زۆرێک ھەوڵیان دا و بەردەوامیش هەوڵ دەدەن ناوی پێشمەرگەش خراپ بکەن، بەڵام ئەوانە خۆیان هاوبیری تیرۆریستانی داعشن و دەیانەوێت بەو هاووڵاتییە سڤیلانە بڵێن لە لای داعش بمێنن و ئەگەر بێنە لای پێشمەرگە، خراپ مامەڵەتان لەگەڵدا دەکەن، بەو هەوڵانەیان دەیانەوێت گەنجەکانی سنووری داعش ببنە چەکداری داعش، بەڵام پێشمەرگە ئیسپاتی کرد کە هێزێکی قارەمان و دیموکرات و ئاشتیخوازە. ئەمە هەوڵی رژیمە دیکتاتۆرەکانە کە بە ئیمکانیاتێکی ماددیی زۆر و ماکینەی ئیعلامیی بەهێز لە ڕووی تەکنیکییەوە هەوڵیان دا ناوی پێشمەرگە و خەباتی کورد بشێوێنن، کەچی ئەمڕۆ حەقیقەتی پێشمەرگە و گەلی کوردستان بۆ جیهانی دیموکراسی ئیسپات بوو، کە ئەو لایەنانەی ئەو هەوڵانەیان دەدا، دەرکەوت خۆیان دیکتاتۆر و پشتوانی تیرۆریزم بوون."
پێشمەرگە، ئابووری و دیپلۆماسییەتمان هەیە
بڕوای پتەوی بە پرسی نەتەوەکەی و خۆڕاگری و قارەمانەتیی پێشمەرگە و گەشبینییەکەی بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان، پرسێکن (د.کەمال کەرکووی) پێ دەناسرێتەوە و لەوبارەوە هەبوونی سێ بنەما بەگرینگ دەبینێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی کورد دەیانساڵە قوربانی بۆی داوە و دەڵێ "یەکێک لە ھەنگاوەکانی بەرەو سەربەخۆیی سوپایە و ئێمە پێشمەرگەمان هەیە و باسمان کرد چ قارەمانێکە، ئەوی دیکە سەربەخۆییی ئابوورییە. ئێستایش نەوتی کوردستان لە جیهانی دەرەوە دەفرۆشرێت. ناوی کوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانییە. بنەمای سێیەمیش دیپلۆماسییەتە. دەبینین سیاسەتی حەکیمانەی ھەرێمی کوردستان و زیرەکی و متمانەی (سەرۆک بارزانی) کە زۆر بە دووربینی کاری بۆ گەلەکەمان کردووە، وایکرد زۆرێک لە شاندی گەورەبەرپرسانی وڵاتان وەک سەرۆك و سەرۆکوەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتان و زۆرێک لە شاندە گەورەنێودەوڵەتییەکان سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و، پێشوازییش بکەن لە (سەرۆك بارزانی) و شاندی هەرێم و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە ئاستی بەرزی جیهان لە دەرەوەی کوردستانی باشوور. ھەر بۆیە بایەخی تەواویان بە کوردستان داوە و مامەڵە لەگەڵ کیانێک دەکەن کە وەک دەوڵەتێکی ھێشتا ڕانەگەیێنراوە."
گەل یەکڕیزە و سەربەخۆیی دەوێ
دەربارەی ئەوەیش کە دەگوترێ ناوماڵی کورد یەک نییە و گەل یەکڕیز نییە، ئەمەیشە هەنگاوەکانی بەرەو دەوڵەتبوونی زەحمەت کردووە، (کەرکووکی) دەڵێ: "زۆرجار سیاسییەکانی خۆمان وا دەڵێن!، باشە چۆن گەل یەكڕیز نییە؟ گەل یەكڕیزە، چونکە لە ڕاستیدا ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆیان خۆی دەوێت و لە دڵیاندا چەسپاوە، ئەمە ناکۆکیی نێوان حزبەکانە، حزبەکان یەكڕیز نیین، خۆ حزبیش ھەموو گەل نییە، ئەوە گەلە لە حزبەکان گەورەتر و پاكترە."
kdp-
