هێمن هەورامی: ترامپ جیاواز لە بۆش و ئۆباما دەڕوانێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی كورد
سەرۆكێكی نوێ بە خۆیەوە دەبینێت، ئایا لە گۆشە نیگایەكی زانیستییەوە دەبێت چۆن باگراوندێك لە چۆنیەتی و چییەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و بەتایبەتی سەرۆكی هەڵبژێدراوی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ هەبێت.
رێكخراوی نیو كوردستان سیمینارێكی سیاسی كە بە دیدگایەكی ئەكادیمیانەوە لە ژێرناونیشانی (هاتنی دۆناڵد ترامپ و كاریگەری لەسەر هاوكێشە سیاسیەكانی جیهان بە گشتی و كورد بەتایبەتی) بۆ (هێمن هەورامی) ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە پارتی دیموكراتی كوردستان سازكردبوو، كە ژمارەیەك لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان و چاودێر و لێكۆڵەری بوارە جیاجیاكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی ئامادەی بوون.
هێمن هەورامی بۆ ڕۆچوون بە شیكارییەكانی لەم بارەیەوە چەند فیجەرێكی زانستی نێودەوڵەتی خستەڕوو، بۆ ئەوەی تابلۆی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپ بەرامبەر بە جیهان و بەتایبەتی كورد. تا ڕادەیەك ڕوونبێت كە كورد مامەڵەی خۆیی لەسەر بنیاد بنێت.
یەكەم شت كە پێویستە هەڵی بسەنگێنین، باوەڕی ترامپە لە تێگەیشتنەكانی كە لە چ قوتابخانەیەكە. بە پێی ئەو پێناسەی لەسەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەیە، ئامانج لە دروستكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، دروستكردنی و بەردەوامی بە جیهانێكی ئارام و سەقامگیرتر لە ڕێگای هێنانەدی كەش و هەوایەكی گەشە سەندوو بە سوودی بەرژەوەندییەكانی گەلی ئەمریكا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەمە ئەو چوارچێوەیەیە كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سیاسەتی خۆی لەسر بنیاد دەنێت. لێرەدا سەرۆكی نوێی ئەمریكا دێت، ڕوونە كە سەرۆكی ئەمریكا دەستەڵاتەكانی زۆرن لە سیاسەتی دەرەوەدا.
كە دەتوانێت دانووستاندن لەگەڵ پرسەكاندا بكات و پێداچوونەوە بە ڕێكەوتنەكان. لەسەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی ئەمریكاوە هەتاوەك و جەنگی جیهانی یەكەم، یەكێ لە هەرە باوەڕییە ناسراوەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، باوەڕی(مۆندرۆ)ـی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا، لەسەر ئەوە بنیاد نراوە كە ئەمریكای باشور و باكور چۆن لە دەستی ئەورووپییەكان بپارێزن. بەڵام جەنگی جیهانی یەكەم و چواردە خاڵەكەی (وۆڵتن وێسەن) دیدگای ئەمریكا دەگۆڕێت، ئەو چواردە خاڵی كە (وۆڵتن وێسەن) باسیان دەكات ئارامی و ئاشتی لەسەر ئاستی جیهان بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر ئاشتی بێنێتە دی، ئەمەش دەبێتە یەكێكی دیكە لە باوەڕییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا.
پێش و پاش جەنگی جیهانی دووەم باوەڕییەكی دیكە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەركەوت كە بە باوەڕی (تروومان) ناسراوە، ئەویش ڕێگەگرتن بووە لە فراوانبوونی كۆمۆنیزم لەسەر ئاستی دنیا، ڕاستە ئەم سیاسەتانە لەكاتی گۆڕنی سەرۆكەكانی ئەمریكا لە ڕووی شێوازەوە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەڵام چوارچێوەی گشتی باوەڕییەكان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا كاریان لەسەر كراوە. بۆ نموونە سنوورداركردنی یەكێتی سۆڤیەت و هاوكاری كردنی نهێنی ئەو وڵاتانە بووبێت كە دژی كۆمۆنیزم دەوەستنەوە و هاوكاری ئەو وڵاتانەی كە برەو بە سیستەمی سەرمایەداری دەكەن. (جیمیكارتەر) یەكێكی دیكەیە لە باوەڕییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا،
ئەم باوەڕیەش لە پاراستنی كەنداوی فارسەوە هاتووە كە بە پاراستنی ئاسایشی ئەمریكای زانیوە. دوای ئەوە باوەڕی (ڕیگەند) دێت، كە بە ئاشكرا و نهێنی هاوكاری دژبە كۆمۆنیزمەكان بوون، كە سەردەمی ڕیگەند زۆر بە ئاشكرایی هاوكاری و پاڵپشتی ئەوانەیان دەكرد كە دژی كۆمۆنیزم بوون. ئەوجا باوەڕی جۆرج بوشی باوك دێت، باوەڕی بوشی باوك وابووە كە دەبێت هەمیشە ئەمریكا ژمارە یەك بێت لەسەر ئاستی جیهاندا.
ئەمەش دوای شكست پێهێنانی بەرەی كۆمۆنیزم ئیتر دەبێت ئەمریكا هەمیشە یەكەم بێت. ئەوجا جۆرج بوشی كوڕ دێت. بوشی كوڕ كە بووە سەرۆكی ئەمریكا باوەڕیەكی دیاری كراوی نەبوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا، بەڵام ڕووداوەكانی 11 سێپتەمبەر تەواوی اوكێشەكانی بۆ بوشی كور گۆڕی، ئەوەی كە ئەو پەرەی پێدا، ئەویش ئەوە بوو كە جەنگی دژی تیڕۆ و بووە باوەڕییەك لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا. دواجاریش ئۆباما دێت،
باوەڕی ئۆباما لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا دەست هەڵگرتن بوو لە كۆمەڵێك ململانێی لە ناوچەكاندا هەبووە، لە پشتەوە و لە دوورەوە چاودێری دەكردن. ئەوانەی كە پسپۆڕن لە سیاسەتی دەرەوەدا، دەڵێن ئۆباما بۆیە ئەم سیاسەتەی هەڵبژارد كە ئۆباما لە كاتی هەڵبژاردنیدا لە ئۆسلۆ خەڵاتی ئاشتی وەربگرێت لەسەر نییەتەكانی، بۆیە ئۆسلۆ وایكرد كە ئۆباما سیاسەتی دەستێوەردان، وەلاوە بنێت.
ئەوەی ماوەتەوە و مەبەستمانە باوەڕی دۆناڵد ترامپە، كە ڕاستە درێژە پێدەری باوەڕییەكانی دیكەی سیاسەتی دەرەوەی ئەكریكا دەبێت، بەڵام وەك سەرۆكی نوێ باوەڕییەكی دیكە دەسەپێنێت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا، ترامپ وەكو هەڵبژێدراو باوەڕییەكەی لە دروست بووندایە، هێشتای دەركەوتەكانی ئەم باوەڕییەی ترامپ دەر نەكەوتووە. بەڵام لە هەمانكاتدا خەسڵەتەكانی دەركەوتنی باوەڕییەكە ترامپ دەركەوتوون.
دووەمیان تێگەیشتنمان لە بارەی جیهانبینی سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمریكایە. پێویستە لەوە تێبگەین جیهانبینی ترامپ لە كاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكەی و سەرۆكاییەتییەكەی. گەڕ بمانەوێت لە جیهانبینی ترامپ تێبگەین دەبێت لە وتاری سیاسەتی دەرەوەی ترامپ بگەین كەلە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی لە 15/8/2016 پێشكەشی كرد،
هەروەها دەبێت ئەو پڕۆژانەی كە سیاسەتی دەرەوەی ترامپی خەمڵاندووە چییە، بەتایبەتی لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا. بە پێی ئەو زانیارییانەی كەلە كەسە نزیكەكانی ترامپەوە بیستراون، ئەوەی كە كاریگەری لەسەر دۆناڵد ترامپ كردووە، ئەوەیە كە بە باوەڕی ئەو ئەمەریكا لاواز بووە و پێویستە بەهێز بكرێتەوە. بۆیە دورشمەكەیشی ئەوەبوو كە وتی پێویستە ئەمەریكا بەهێز بكرێتەوە. بە باوەڕی ئەو گەورەترین هەڕەشەكان لەسەر ئەمەریكا ئەوەن كە هەڕەشەكان لە دەرەوە نایەن بۆ ناو ئەمەریكا، بەڵكو هەرەشەكان لە ناوەوەن و بەڵگەش بۆ ئەمە،
ئەوەیە كە لە ساڵی 2001ـەوە تاوەكو 2016 لەناو ئەمەریكا 94 كەس بە تیرۆری ناوخۆیی كوژراون، لەم 94 كەسەش كە كوژراون 65 دانەیان بە تەینا لە 2015 و 2016 دا كوژراون لە لایەن تیرۆرزمی ناوخۆیی ئەمەریكاوە تیرۆر كراوە و ئەمەش كاریگەی هەیە لەسەر جیهان بینیەكانی دۆناڵد ترامپ.
بەس لە هاوینی 2016 دا داعش هەر 85 كاتژمێر جارێك كردەوەیەكی لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەنجام داوە كە ئەوەش كاریگەری هەیە لەسەر میكانیزمانەی كە لە پرۆسەی جیهان بینی دۆناڵد ترامپ دا كاریگەرییان داناوە كە ئەو دروشمە بگرێتە بەر.
سێیەم كاتێك كە ترامپ هەڵبژێردراوە بۆ سەرۆكی ئەمریكا، جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چ ئاستێكدایە و جیهانبینی ترامپ لەم بارەیەوە سیاسەتەكانی بەرامبەر جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆنە. بۆیە دەبێت ترامپ لە چوارچێوەی ئەو ڕەوشەدا كاربكات كە لە ئێستادا جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێداتێپەر دەبێت.
چوارەم دیدگای ترامپ بەرامبەر كورد. دۆستایەتیمان لەگەڵ ئەمریكییەكان و ئەو سەردانەی كاك مسرور بارزانی و سەردانی وەزیری بەرگری ئەمریكا و سیناتۆرەكانی ترامپ و ئەو پەیامانەی كە بۆ ئێمە نێردراوە و پێیان گووتوین كە ئیدارەی ترامپ چی بكات بۆ ئەوەی كەلە ئیدارەی ئۆباما نەچێت بەرامبەر كورد، بۆ ئەوەی لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ بەرانبەر بە كورد تێبگەین پێویستمان بە وەڵامی سێ پرسیار هەیە.
1- كام لە ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
2- تاچەند ئەوانەی ستافی دەورووبەری ترمپن لەسەر مەسەلەی كورد شارەزان و تەعاتوفیان لەسەر مەسەلەی كورد هەبێت یان رقیان بەرامبەر مەسەلەی كورد هەبێت.
3- چوارچێوەی گشتی سیاسەت و ستراتیژییەتی ئەمریكا كورد لە كوێی ئەمەدایە.
1. ترامپ پێی وایە كە ئاشتی و سەقامگیری دەبێت لە رێگەی هێزە بە دەست بێت و لێرەداش مەبەست ئەوە نیە كە تەنیا لە رێگەی سەربازی و ماددییەوە ئەو هێزە بسەپێنرێت. بەهێزبوونی ئابووری بە بەشێك لە ئاشتی بۆ سەر ئەمەریكا و هاوكێشەكانی دنیا دەزانێت. بۆ ئەوەش ئیعتیماد لەسەر بەهێزكردنەوەی هاوپەیمانەكانی دەكات.
2. سەقامگیری هەرێمایەتی و پێشخستن و پاراستنی پێوەندییەكانی ئەمریكا
3. دروستكردنەوە و بەهێزكردنەوەی سوپای ئەمەریكایە
4. كۆتایی هێنان بە دروستكردنەوەی دامەزاوەیی وڵاتان
5. زیادكردنی گوشاری سەربازی و هەڕەشەی داعشە لەسەر ئاستی ناوچەیی و لەسەر ئاستی جیهانی و هاوكاری كردنی دارایی و هەواڵگری و سەربازی ئەو هاوپەیمانانەیە كە بە جدی شەڕی داعش ئەكەن
6. شكست پێهێنان و لاواز كردنی ئایدۆلۆژیای رادیكاڵیزمی ئیسلامیە بۆ ئەوەی خەریكی دروستكردنی كۆمیسیۆنێكی تایبەتە بۆ رووبەڕووبونەوەی توندڕەوی ئیسلامی لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترێن ناشناڵ سیكوریتی كاونسڵ .
hawler-
