لەبارەی پاشەکەوتی مووچەوە دڵنیایی بە فەرمانبەران دەدرێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران لە نەفەوتانی پاشەکەوتی موچەکانیان و گەشبینی خۆشی دەردەبڕێت لەباشتربوونی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیان.
سەروەر عسمەت، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "گەشبینین بەباشتربوونی ئەو قەیرانە ئابوورییەی دووچاری ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە، چونکە خەریکە داعش بەرەو لەناوچوون دەچێت، ئاوارەکان وردە وردە دەگەڕێنەوە سەر ناوچە ئازادکراوەکانیان، لە ھەمووشیان گرینگتر بەرزبونەوەی نرخی نەوتە لە بازاڕەکانی جیھان، ھەروەھا ئەو چاکسازیانەی حکوومەت کە ئەنجامیان دەدات، ئەوانە ھەموویان شتی دڵخۆشکەرن".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، ئەوەش ڕوون دەکاتەوە: "پێویستە حکوومەت لەداھاتوودا چاوێک بە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەراندا بخشێنێتەوە، دڵنیاشین لەوەی پاشکەوتەکە نافەوتێت، ئەگەر حکوومەت داھاتی باشتری دەست بکەوێت، بەپێی توانا پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە".
گوتیشی: "لەیەکەم ھەنگاوماندا لەکۆبوونەوەی ژمارە (43)ی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، پێشنیارێکمان بۆ حکوومەتی ھەرێم بەرزکردەوە، تایبەت بەو قەرزانەی ئاو کارەباو باج و...ھتد، کە لە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بگێڕدرێتەوە، ھیوادارین جگەلەوەش بتوانین پڕۆژی باشتر پێشکەش بەحکوومەت بکەین و لەبەرژەوەندی فەرمانبەران و ھاووڵاتییان بێت".
bas news-
