بەرپرس لقی پارتی: داعش پیلانێکی نوێی لە دژی کەرکووک هەیە

 بەرپرس لقی پارتی: داعش پیلانێکی نوێی لە دژی کەرکووک هەیە
بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، زانیاریی هەواڵگری هەیە کە داعش لەسەری ساڵ جووڵەیەک دەکات، چونکە ئەوان لە بۆنە و یادەکاندا خۆیان بۆ هێرش ئامادە دەکەن.

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “زانیاریی هەواڵگری لەناو خەڵک بڵاو بووەتەوە کە داعش لە جەژنی سەری ساڵدا، پیلانێکیان بە دەستەوەیە”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ڕێکخراوی توندڕەوی داعش فێری ئەوەیە بۆنەکان بقۆزێتەوە. گوتیشی: “هەندێک لە زانیارییە هەواڵگرییەکان چوونەتە نێو خەڵکەوە، بەڵام لە ڕاستیدا پێشمەرگە لە ئامادەباشی دایە لە کەرکووک، چونکە بەرەیە بەرانبەر بە داعش و ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێکی داعش". ئەوەشی نەشاردەوە کە ماوەیەکە لە شارۆچکەی حەویجە، ڕێکخراوی توندڕەوی داعش دەستی بە جووڵە کردووە.

پێشتر عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک ڕای گەیاندبوو کە زانیارییان هەیە، ڕێکخراوی توندڕەوی داعش لە دەوروبەری حەویجە هێز بۆ هێرشکردنە سەر کەرکووک کۆدەکاتەوە. بە پێویستیشی زانیبوو کە بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر کەرکووک، داعش لە حەویجە وەدەر بنرێت.




باسنیوز
Top