“نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق گەنجانی کورد بۆ چوونە نێو حەشدی شەعبی هان دەدات”

 “نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق گەنجانی کورد بۆ چوونە نێو حەشدی شەعبی هان دەدات”
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شاری کەرکووک ئاشکرای کرد، بەڵگەیان لەبەردەستە کە نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق، گەنجانی کوردی بۆ چوونە نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی هان داوە.

سەرچاوەیەکی پلەبەرزی ئەمنی لە شاری کەرکووک کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: “بۆ ئەوەی لە کەرکووک و دیالە ڕێگری لە دروستبوونی حەشدی شەعبی بکرێت، دەبێت ئاگاداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکرێتەوە کە دەستتێوەردان لەو هەوڵانەدا نەکات”.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: “یەکێتی هاوکاری حەشدی شەعبییە، بۆ نموونە بەڵگەمان لایە کە یەکێتی کەسێکیان هەبوو، نووسراویان بۆ کردبوو تاوەکوو لە یەکەی حەفتای پێشمەرگەدا بکرێتە ئەفسەر، بەڵام پاش ئەوەی چوونەتە لای بەرپرسێکی باڵا لە نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق، لەوێ پێی گوتووە کە دەینێرنە لای عەسایبی ئەهلی حەق یان هێزی بەدر، دواتر ژمارە تەلەفۆنێکیان پێداوە، ئەویش قسەی لەگەڵ کەسێک کردووە و پێی گوتووە، حەشد لای سەرۆک کۆمار پیرۆزە و ئێمە ئەم دیارییەمان بۆت ناردووە، وەرە بۆ بەغدا و لەوێ بڕوانامەی ئەفسەریت پێ دەدەین”.

ئەفسەرە پلە بەرزەکەی کەرکووک ئەوەشى باس کرد کە لە خورماتوو و خانەقین و کەرکووکدا، یەکێتی خۆی دەستی لە دروستکردنی حەشدی شەعبیدا هەیە و “کارئاسانییان بۆ دەکەن”. گوتیشی: “وەک ئێمە زانیاریمان هەبێت، ئەفسەرەکان دانراون، ژمارەیان زۆرە، بەتایبەت لە کەرکووک و خورماتوو".

لەمبارەیەوە د. عەبدوڵا عەلیاوەیی، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، لە لێدوانێکیدا، قسەکانی سەرچاوە ئەمنییەکەی ڕەت کردەوە و ڕای گەیاند: “ئەگەر بەڵگە هەبێت، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی نووسینگەی سەرۆک کۆمارەوە هانی خەڵک درابێت بچنە ناو حەشدی شەعبی، ئاگادارمان بکەنەوە و ئێمەش بەدواداچوون دەکەین”. گوتیشی: “ئەگەر حاڵەتێکی وا هەبێت و کورد بێت، دەبێت لێپرسینەوەیەکی زۆری لەگەڵدا بکرێت، ئەگەر هاتوو لە کەرکووک و شوێنەکانی دیکەش لە پەنای سەرۆک کۆماری عێراقەوە ناوی خەڵک نووسرابێت بۆ چوونە ناو حەشدی شەعبی، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، دەبێت بگوازرێنەوە".

عەلیاوەیی ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەوان بەدواداچوون بۆ بەڵگەکە دەکەن، چونکە: “ناکرێت بەناوی سەرۆک کۆمارەوە هانی خەڵک بدرێت بۆ چوونە ناو حەشدی شەعبی، ئەگەر کوردێک ئەوەی کردبێت، ئەوە هەر ناکرێت، ئەگەر عەرەبێکیش دۆخی کەرکووکی قۆستبێتەوە و بەناوی سەرۆک کۆمارەوە خەڵکی ناوونووس کردبێت، من خۆم ئەو بەڵگەیە دەبەمە لای د. فواد مەعسووم".

لە بارەی پرسیارێک کە ئایا بۆچوونی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەبارەی چوونی گەنجانی کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە بۆ نێو حەشدی شەعبی چییە؟، عەبدوڵا عەلیاوەیی، ڕاوێژکاری د. فواد مەعسووم، ڕەتی کردەوە لەمبارەیەوە هیچ قسەیەک بکات و ڕای گەیاند: “ئێمە سیاسی نین، پێویستە ئەو پرسیارە لە لایەنە سیاسییەکان بکەن”.

پێشتر محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕایگەیاندبوو، لە کەرکووک دەست بە ناونووسینی گەنجان بۆ نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی کراوە و بەشێک لە فەرماندەکانی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک، سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و بۆ ئەو مەبەستەش “ئاگاداری یەکێتیمان کردووەتەوە کە خۆیان دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو کارە لە ئەستۆ بگرن”.





باسنیوز
Top