سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی: بەرەی بارزانی بەرەو سەربەخۆیی کوردستان هەنگاو دەنێت
سەرکردەی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق، کە یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، رایدەگەیەنێت، بەرەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی کوردستان هەنگاو دەنێت.
رۆژی چوارشەممە 28ـی کانونی یەکەمی 2016، قەیس خەزعەلی، سەرکردەی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی، رایگەیاندووە، کە ”رەنگە“ میلیشیاکەی بە بارودۆخێکی سیاسیی جیاواز رازی بێت، کە تێیدا شیعەکان، میانڕەوە سوننە و میانڕەوە کوردەکان لە دوای شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش بەرنامەی بۆ دابنێن.
قەیس خەزعەلی پێیوایە لایەنە ”میانڕەوە کوردییەکان“ بریتین لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، کە ”پەیوەندییەکانمان لەگەڵیان بەشێوەیەکی باش بەڕێوە دەچن“.
ئەو سەرکردەیەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەهۆی سەربەخۆخوازیی و ویستی جیابوونەوە لە عێراق لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارتی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ”بەرەی بارزانی“ باش نییە.
هەروەک قەیس خەزعەلی رایگەیاندووە، مەسعود بارزانی و پارتی هەماهەنگیی و کار لەگەڵ هەر پرۆژەیەک دەکەن، کە ”زیان بە عێراق بگەیەنێت“ و باسی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور بکات.
bas news-
