خەڵکی شنگال داوا لە ئەمریکا دەکەن هێزەکەی پەکەکە دەربکات
بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، فشاری کوردانی ئێزدی و خەڵکی شنگال بۆ ئەوەی پەکەکە شارەکەیان چۆڵ بکات، فراوان دەبێت و وەک یەکەم هەنگاو، ئەو داوایە ئاراستەی ئەمریکا دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28\12\2016، وەحید باکۆزی، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “فشاری کوردانی ئێزدی و کەسایەتیی ئێزدی و خەڵکی شنگال فراوان بووە، بۆ ئەوەی پەکەکە شارەکە چۆڵ بکات”.
جەختیشی لەوە کردەوە: “فشارەکان بەردەوام دەبێت و دەدرێتە لایەنی ئەمریکی وەک قۆناغی یەکەم، سوپاسیان دەکەین ئەگەر بەدەم داواکارییەکەوە بێن”.
ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بڕیارە لە قۆناغی دووەمدا، واژۆی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بدرێتە ئەمریکییەکان. گوتیشی: “فشارەکان بەردەوام دەبێت و ئاراستەی نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانی ئەورووپاش دەکرێتەوە”.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە پەکەکە کردبوو، هێزەکانی لە شنگال بکشێنێتەوە و بە دووری نەزانیبوو کە ئەگەری بەکارهێنانی هێز بەرامبەر بە پەکەکە هەیە. لە بەرامبەردا هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕەتی کردەوە هێزەکانی بکشێنێتەوە و پێداگری لەوە کرد کە ئەوان بۆ شەڕکردنیش ئامادەن.
payamner-
