بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە ئاماری فەرمیی شەھیدانی پێشمەرگەی لە شەڕی داعش ئاشکرا کرد
بەرپرسێکی تەندروستی ھێزەکانی پێشمەرگە ئاماری فەرمی ژمارەی قوربانیانی پێشمەرگەی لەشەڕی دژبە داعش بڵاوکردەوە، بەپێی ئەو ئامارەش لە ماوەی شەڕی داعشدا تا ئێستا ھەزار و ٦٥٤ پێسمەرگە شەھید بوون و نزیکەی دە ھەزاری تر بریندار بوون.
شەماڵ جەبار لەبارەی ئاماری قوربانیانی پێشمەرگە لە جەنگی داعشدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئاماری فەرمی و راستەقینەی قوربانیانی پێشمەرگە لە بەرواری ١٠/ ٦/ ٢٠١٤ەوە تا ئەمڕۆ بریتییە لە ھەزار و ٦٥٤ شەھید، نۆھەزار و ٧٠٧ بریندار، ھەروەھا ٦٢ کەسیش لە ھێزەکانی پاراستنی ھەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن".
ئەو ھەروەھا گوتی: "دەزگای تەندروستی پێشمەرگە تا ئێستا ٨١٣ جار بە تیمی جیاواز بەشداری کردووە لە شەڕەکاندا و توانیومانە بە ھاوکاری تیمەکانی تری تەندروستی رووماڵی ھەموو شەڕەکان بکەین. لە شەڕی مووسڵیشدا بە فەرمی بڕیاری بەشداریکردنی ئەو شەڕەمان پێکرا یەکەم دوو شەھیدی ئەو شەڕە لە ریزی تیمەکانی ئێمە بوو، تائێستا سێ شەھید و دوو بریندارمان ھەیە و چوار ئەمبوڵانسمان بەر بۆمب و تەقینەوە کەوتووە. لە ئێستاشدا ١٢٧ تیممان لە بەرەکانی جەنگدان".
ئەو بەرپرسەی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە ئاماژەی بە دۆخی تەندروستی پێشمەرگە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ کرد و گوتی: "لە ئێستادا دەستمان بە ھەڵمەتێک کردووە بۆ چارەسەرکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ دژی نەخۆشی لیشمانیا کە لەناو پێشمەرگەدا بڵاوبۆتەوە بەھۆی نزیکییان لە دەریاچەی حەمرینەوە. تا ئێستا ٦١٤ کەسمان لەو نەخۆشییە چارەسەرکردووە".
لیشمانیا لە رێگەی مێشوولەی SAND FLY دەگوازرێتەوە و دەزگای تەندروستی پێشمەرگە دەرمانی پێویستی بۆ بنەبڕکردنی نەخۆشییەکە دابینکردووە.
بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە ئەوەشی گوت: "نەخۆشییەکە لە ھەندێک لە ناوچەکانی قەرەتەپە و حەمرین بڵاوبۆتەوە، جگە لەوەش ئەم وەرزە وەرزی سەرما و سۆڵە و نەخۆشییەکانە و بەھۆی سەرما و سۆڵەی ئەو ناوچانەوە رێژەی نەخۆشییەکان بەتایبەت ئەنفلۆنزا و پەتا زستانییەکان زیادی کردووە، وەک تیمەکانی تەندروستی بەردەوام تیممان رەوانەی ئەو ناوچەنانە کردووە و تەنھا لە ماوەی ئەمساڵدا ١٦ تۆن دەرمانمان دابەشکردووە لە بەرەکانی جەنگدا".
payamner-
