هەڵوێستی نەوشیروان مستەفا لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان ئاشکرا دەبێت
رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2016، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی پەیامەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بارەگای سەرەکیی گۆڕان لە سلێمانی، لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەو حزبە کۆ بووەوە.
عومەر عینایەت، پەرلەمانتاری گۆڕان ڕایگەیاند، نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکەی و ھاوسەرەکەی ڕووبەڕووی نەخۆشی بوونەتەوە و ئێستا لە دەرەوەی وڵات چارەسەری پزیشکی وەردەگرن، ”نازانم ھاوسەری کاک نەوشیروان چ نەخۆشیەکی ھەیە، بەڵام ھەردووکیان نەخۆشن و ئێستا چارەسەری پزیشکی وەردەگرن“.
عومەر عینایەت ئاماژەی بەوەش دا، کە نەوشیروان مستەفا چەند ساڵێکە تووشی ئازاری بڕبڕەی پشت بووە و ئێستا چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و ”بەنیاز نییە جارێ بگەڕێتەوە کوردستان“.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان هەڵوێستی رێکخەری گشتیی حزبەکەی لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ”نەوشیروان مستەفا کۆبوونەوش بووە“.
بە گوتەی عومەر عینایەت، نەوشیروان مستەفا ”لە رێگەی ڤایبەر و ئینتەرنێتەوە“ بەردەوام ئاگاداری بارودۆخی گۆڕانە و جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەکەش ”بۆ بڕیاری ستراتیژی“ پەیوەندیی بە خودی نەوشیروان مستەفا دەکەن و بڕیار لەو وەردەگرن.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەم، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد، بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و سەرۆکایەتییکی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها داوای لە حزبە سیاسییەکان کرد، کەسێک دەستنیشان بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەڵبژاردنی ئایندە، ”منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم“.
باسنیوز
