فەرماندەیەکی کەرکووکی پێشمەرگە وەڵامی سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەداتەوە

 فەرماندەیەکی کەرکووکی پێشمەرگە وەڵامی سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەداتەوە
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک، وەڵامی سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەداتەوە و دەپرسێت: "هێزێک کەرکووک و مووسڵی بەدەستەوە دابێت، جارێکی دیکە ڕێگایان پێ دەدرێت بێنەوە شارەکە؟".



پاش ئەوەی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، هێز بۆ شاری کەرکووک ڕەوانە بکات. کەمال کەرکووکی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک، ڕاگەیاند: “کاتی خۆی حکوومەتی عێراق سوپا و پۆلیسی عێراق و سەحوەی بۆ پارێزگاریکردن لە شاری کەرکووک دانابوو، بەڵام کاتێک داعش هات، گوللەیەکیان نەتەقاند، هەرچی چەک و تانک و تۆپ و ئالیاتی سەربازی هەبوو، دایانە دەست داعش و خۆیان ڕایان کرد”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە: “پرسیار لە سەرجەم ئەو کەسانە دەکەین کە پێشنیاری وایان بۆ عەبادی کردووە، دەکرێت بە ڕاکردوویەک و هەڵاتوویەک و ڕووخاوێک بڵێین، وەرەوە بمانپارێزە؟". گوتیشی: ”ئێستا هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەرپرسیاریەتیی دەرەوەی شاری کەرکووک و ناو شاری کەرکووکی لەئەستۆیە، سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە لەژێر ئەو ئارامییەی پێشمەرگە دروستی کردووە، ژیان دەکەن، ناکرێت کەسانێک بە ناوی خەڵکی شارەکەوە پێشنیاری سەپاندنی هێز بکات، پێشمەرگە بۆ ئەوە لە کەرکووکە کە بەرگری لەخاکی خۆی بکات، بۆیە هاتنی هەر هێزێک بۆ شارەکە، دەمان خاتەوە سەر ئەو پرسیارەی کە کێ شارەکە دەپارێزێت و کێ بەدەستەوەی دەدات؟”.




باسنيوز
Top