پارێزگای نەینەوا داوا لە عێراق دەکات هاوکاریی چەکدارانی سەر بە پەکەکە نەکات

پارێزگای نەینەوا داوا لە عێراق دەکات هاوکاریی چەکدارانی سەر بە پەکەکە نەکات
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا داوا لە حکوومەتی وڵاتەکەی دەکات هاوکاریی دارایی چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شاری شنگال دەکات.



سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی کوتلەی برایەتیی و پێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا راگەیاند، کە شاندێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا سەردانی بارەگای پەکەکەی لە شنگال کردووە و بە فەرمیی داوای لێکردوون ناوچەکە چۆڵ بکەن.



بەهۆی دروستکردنی مەترسی لەلایەن چەکدارانی سەر بە پەکەکەوە، رێکخراوە مرۆییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شاری شنگال ناتوانن بچنە ناو شارەکەوە، چونکە چەکدارانی سەر بەو حزبە، مەترسیی لەسەر گیانی فەرمانبەرەکانیان دروست دەکەن.



سەیدۆ چەتۆ هەروەها رایگەیاند، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە چیتر هاوکاریی دارایی چەکدارانی سەر بە پەکەکە نەکەن، لە بری ئەوەدا هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی بکات.



بەشێکی زۆری چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە شنگال لە ریزی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تۆمار کراون و حکوومەتی عێراقی هاوکارییان دەکات.



پێشتر حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو، کە ئەگەر تورکیا سەربازەکانی لە نزیک شارەدێی باشیک لە پرێزگای نەینەوا بکێشێتەوە، ئەوا سوپای عێراق چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە شنگال دەردەکات.








باسنیوز
Top