دەیان قومارخانە و مەساج و گازینۆ لە ھەولێر دادەخرێن
لە ماوەی ئەمساڵدا دەیان شوێنی قومارخانە داخراون و رێگەش نەدراوە قومارخانەی تازە بکرێنەوە, بەرێوەبەری پۆلیسی ھەولێریش چەند زانیاریەکی گرنگ لەسەر ئەو شوێنانە ئاشکرا دەکات کە لە ھەولێر دایانخستوون.
بەپێی زانیاریەکان تاوەکو سەرەتای مانگی ٣ی ئەمساڵ تەنھا ٢٥ قومارخانە داخرا بوون لە دوای ئەو کاتەوەش تاوەکو مانگی ١١ داخستنی ئەو شوێنانە زیادی کرد بۆ٦٤ شوێن, زۆرینەشیان لە نێو شارەدێی عەنکاوە بوونە.
عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر لە لێدوانێکی دا بە باسی راگەیاند: بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ دەیان شوێنی قومارکردن لە ھەولێر داخراون، گوتی: پۆلیسی شارەوانی لە گەڵ پۆلیسی رێکاری بە ئاگاداری قایمقام بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئێمە ٦٤ شوێنی قومارخانە لە ھەولێر دراخراون.
عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژەی بەوەدا, دوای داخستنی ئەو قومارخانانە رێگە نادرێت قومارخانەی تر لە ھەولێر بکرێنەوە، گوتیشی: لە ھەرشوێنێک بە نھێنی ھەبێت و زانیاریمان پێ بدرێت ئەوە ئێمە دایان دەخەین چونکە ئەوشوێنانە کێشەمان بۆ دروست دەکەن.
ئەو ئاشکراشی کرد ئەو ٦٤ شوێنەی دایان خستوون پێشووتر کێشەی زۆریان بۆ دروست دەکردن و لەو قومارخانانە کێشە دەبوو شەڕ دەکرا تەقە دەکرا بۆیە ئەو شوێنانە داخراو ن و ٩٠% ئەو کێشانە نەماون
لەسەرێکی تر ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئاشکرای کرد لە پاڵ داخستی شوێنەکانی قومارکردن ٣٠٠ شوێنی مەساجکردن داخراون چونکە بۆ مەبەستی تری جگە لە مەساج بەکاردەھێندران، تەنھا ئێستا لە ھەندێک ھۆتێل مەساج ماونەتەوە.
لە پاڵ داخستنی قومارخانە و شوێنی مەساج زیاترلە ٤٠ کافتریا و گازینۆش داخراون، لە بارەی ھۆکاری داخستنی ئەو شوێنانە ئەو دەیگووت: لەو شوێنانە کێشەی زۆر ھەبوون لەوانە رووداوی کوشتن و پلاندانان بۆ دزی و ئەنجامدانی تاوان بۆیە ئەو شوێنانە داخراون و ھەر گازینۆیەکیش لەم جۆرە بێت ئەوە دادەخرێت.
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی ھەولێر لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەھۆی ئەنجامدانی تاوانی کوشتن و دزی نزیکی ٦٠٠ کەس دەستگیرکراون ھەروەکو بەھۆی رووداوی کوشتن زیاتر لە ١٥ کەسیش کوژراون.
لە ماددە ٣٨٩ لە یاسای سزادانی عێراقیدا باسی تاوانی قومار کراوە، لە بڕگە سێی ماددەکەدا ھاتووە " قومارچی سزا دەدرێت بە حەپسکردن بۆ ماوەیەک کە نابێت لە مانگێک زیاتر بێت، یان پێبژاردن لە ٥٠ دینار زیاتر نەبێت، ھەر کەسێک لە کاتی قومارکردندا بگیرێت.
payamner-
