هێزی شەبەک: فەرمان لە بارزانی وەردەگرین و بەرگری لە خاکی خۆمان دەکەین
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە نوێنەرایەتیی پێکهاتەی شەبەک دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، هێزی شەبەک سەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و فەرمان لە فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە وەردەگرێت.
سالم شەبەک، نوێنەری شەبەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هێزی شەبەک کە بەشێکە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، چالاکانە بەشداریی شەڕی دژە داعشیان کردووە و ئێستاش لەو شوێنانە جێگیر دەکرێن کە فەرمانیان پێ کراوە، بە تایبەت ناوچە شەبەک نشینەکان، چونکە نامانەوێت جارێکی دیکە لە ژێر سێبەری بەغداوە دووبارە ماڵمان وێران بکرێتەوە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “هێزی شەبەک سەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و فەرمان لە بارزانی وەردەگرێت، بۆیە ئێمە دەمانەوێت پێشمەرگە پارێزگاریمان لێ بکات و گەرەنتیمان هەبێت کە جارێکی دیکە تووشی هێرش نەبینەوە، چونکە ئەوەی بەسەرمان هاتووە، لە ئەنجامی ئەو حوکمەبوو کە دۆخی ئەو ناوچانەی بە ئێستا گەیاندووە".
سالم شەبەک لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز) جەختیشی لەوە کردەوە: “چاوەڕوانین کە هێزی پێشمەرگە لەو سنوورانە بمێننەوە و پارێزگاری لە ناوچە کوردنشینەکان بکەن، ڕێگاش نادەین هێزێکی دیکە بەسەرماندا فەرز بکرێت کە وەک بێگانە سەیرمان بکات".
bas news-
