نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەلمۆنیتەر: یەکەم دیالۆگی فەرمیمان بۆ سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا ده‌بێت.. ئێمه‌ش كارتی خۆمانمان هه‌یه‌

 نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەلمۆنیتەر: یەکەم دیالۆگی فەرمیمان بۆ سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا ده‌بێت.. ئێمه‌ش كارتی خۆمانمان هه‌یه‌
(نێچیرڤان بارزانی) ڕایگه‌یاند، ''ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە یەکەم دیالۆگی فەرمیمان بۆ سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا بێت، دەبێ دانیشتنی فەرمیمان لەگەڵ بەغدا هەبێت و ئەم تابوویە بشکێنین و باسی بکەین.'' لەم ڕەوشەی ئیستادا، بوونی هێزەکانی PKK لە شنگال تەنها سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات و هیچی تر.


دەقی دیمانەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتەر:

ئەلمۆنیتەر: ئۆپەراسیۆنی مووسڵ چۆن بەرەوپێش دەچێت؟
(نێچیرڤان بارزانی): هاوکاریی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە ئاستێکی باشدایه. لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا، ئەوە یەکەمجارە ڕێگە بە سوپای عیراق دراوە پێ بنێنە سەر خاکی کوردستان. لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە هەواڵگری و سەربازییشەوە هاوکارییەکی زۆر بەرفراوانمان هەیە. بەر لەوەی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دەست پێبکات، ڕێککەوتنێکی سێ لایەنە لە نێوان ئەمه‌ریکا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا کرا. لەم ڕێککەوتنەدا باس لە دابەشکردنی ئەرکەکان دەکرێ. کۆمەڵێک ناوچە هەبوون کە دانرابوون پێشمەرگە ئازاد و کۆنتڕۆڵیان بکات، ناوچەکانی دیکەش بۆ سوپای عیراق دانرابوون کە دەبوایە ئازاد و کۆنتڕۆڵیان بکات. پێشمەرگە ئەرکەکەی سەر شانی خۆی تەواوکرد و ئێستایش ئێمە ئەم ناوچانە دەپارێزین. حاڵی حازر ئێمە لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئێستایاندا پشتگیری لە سوپای عیراق دەکەین، زانیاریی هەواڵگرییان پێشکەش دەکەین و لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ بە ئامانجگرتنى چەکدارانی داعش، بەڕێوەدەبەین.

ئۆپەراسیۆنەکەی بەشی ڕۆژئاوای مووسڵ زۆر زۆر سەخت دەبێت.

ئەلمۆنیتەر: هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە خاوبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن، هۆکاری ئەمە چییە؟
(نێچیرڤان بارزانی): ڕاستە، وادیارە ئۆپەراسیۆنەکە هەتا ڕادەیەک بە هێواشی بەڕێوە دەچێت. ئەمەش دوو هۆکاری لەپشتە، هەوڵێکی هەمەلایەنە هەیە بۆ ئەوەی زیان بە گەڕەکەکان نەگات، واتە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هاووڵاتیانی سڤیلی شارەکە زیانیان پێنەگات. هۆکاری دووەمیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە داعش بەرگرییەکی سەخت دەکات. چاوەڕێ دەکرا ڕۆژانی بەراییی ئۆپەراسیۆنەکە تا ڕادەیەک بە ئاسانی بەرەو پێش بچێت، وەکوو خۆشتان دەزانن ڕووباری دیجلە مووسڵی کردووە بە دوو بەش. بڕوام وایە ئۆپەراسیۆنی بەشی ڕۆژهەڵاتی مووسڵ زۆر لە ئۆپەراسیۆنی دیوی ڕۆژئاوا ئاسانتر بێت. ئۆپەراسیۆنەکەی بەشی ڕۆژئاوای مووسڵ زۆر زۆر سەخت دەبێت.

ئەلمۆنیتەر: چی وادەکات هێندە سەخت بێت؟
(نێچیرڤان بارزانی): نەخشەنیگاری (تۆپۆگرافیا)ى شارەکە خۆی وادەکات هێندە سەخت بێت. کۆڵانەکانی کۆنەشاری مووسڵ تەسکن. هەربۆیە سەختە بتوانی داوای هێرشی ئاسمانی بکەیت. ئینجا مەسەلەکە بۆ داعش مەسەلەی مان و نەمانە، بۆیە بە سەختی بەرگری دەکەن. سوپای عیراقیش ئەو ئاستهى لە شارەزایی نییە کە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە شوێنێکی شارنشینی هێندە سەختدا، پێویستە.

ئەلمۆنیتەر: دوایین جار کە دیمانەم لەگەڵ ئەنجام دا، وا دیاربوو ڕۆڵی میلیشیا شیعەکان مایەی نیگەرانییەکی زۆر بێت. ئایا هەتا ئێستایش نیگەرانن لەوەی ئەوان توانای ئەوەیان هەبێت ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ئاڵۆز، یانیش تووشی پچڕان بکەن؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەچاوی ڕێزەوە لەو بەشدارییە دەڕوانین کە میلیشیا شیعەکان هەتا ئێستا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەیانبووە. هەتا ئێستایش دەستیان نەبردووە بۆ ئەو ناوچانەی کە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو شوێنانەی بۆ چالاکیی ئەوان دیاریی کراوە، بەڵام پاڵنەری سەرەتاییان بۆ بەشداریکردن لەم ئۆپەراسیۆنەدا، واتە بەشداریکردن لە ئازادکردنی تەلەعفەر، بیرۆکەیەکی باش نەبوو. بەڵام هەتا ئێستا خۆیان لە هاتنەناو مووسڵ لە باشوور و باشووری ڕۆژئاواوە بەدوورگرتووە و لە بری ئەمە فۆکەسیان لەسەر ئەو ناوچانە بووە کە بەغدا بۆی دیاری کردوون.

نیگەرانیی سەرەکیی تورکیا ئەوە بوو میلیشیا شیعەکان نەچنە نێو تەلەعفەرەوە

ئەڵمۆنیتەر: ئایا لێدوانە توندەکانی تورکیا لەبارەی تەلەعفەرەوە ڕۆڵیان بینی لەوەی ڕێگە لەمە بگرن؟
(نێچیرڤان بارزانی): نیگەرانیی سەرەکیی تورکیا ئەوە بوو میلیشیا شیعەکان نەچنە نێو تەلەعفەرەوە، ئەمەش بۆ ئەوە بوو ڕێگە لە سەرهەڵدانی توندوتیژییتایفی لە نێوان تورکمانە شیعە و سوننەکان بگرن. بە خۆشحاڵیشەوە ئەمە ڕووی نەداوە. بە بڕوای من، ئێمە، واتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنقەرە و بەغدا ئەو سێ لایەنە بووین کە بەرپرسیاری سەرەکی بووین لەوەی نەمانهێشتووە ئەو سیناریۆ خوێناوییە ڕوو بدات.

دەڵێین PKK دەبێ شنگال جێبهێڵێت.

ئەلمۆنیتەر: لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بەڕێوە دەچێ، زۆر شەڕ و پێکدادانی دیکەش دەشێت سەرهەڵ بدەن. لە وتارەکەی خۆتاندا لە زانکۆی ئەمه‌ریکی له دهۆک (AUK) ئاماژەتان بەوەدا کە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە شنگال خاڵی سەرهەڵدانی کێشەیە. باستان لەوەش کرد کە PKK دەبێ ئەوێ جێبهێڵێت.
(نێچیرڤان بارزانی): ڕوون و ئاشکرایە ئەو کاتەی ئەو ڕووداوە کارەساتبارەی بەسەر ئێزدییەکانی شنگالدا هات، هێزەکانی ڕۆژئاڤا ـواتە PYDـ ڕۆڵێکی زۆر بەنرخیان گێڕا لەوەی یارمەتیی خەڵکی بدەن و هەتا شوێنی پارێزراو لەگەڵیان بوون. ئێمە پێزانینمان بۆ ئەوە هەیە و سوپاسی ئەو هەنگاوە دەکەین. لەم ڕەوشەی ئیستادا، بوونی هێزەکانی PKK لە شنگال تەنها سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات و هیچی تر. بوونی PKK لەوێ ڕێگرە لەوەی خەڵک بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئەوان دوودڵن لەوەی بگەڕێنەوە، چونکە دەترسن شەڕ و پێکدادانی نوێ دروست ببێتەوە، نیگەرانن لەوەی چ داهاتوویەکی لێڵ چاوەڕێیان دەکات، واتە ئەوە ئێمە نین (وەک هەندێک لایەن تۆمەتبارمان دەکەن) کە ڕێگە لە گەڕانەوەی ئەوان بۆ سەر ژیان و ماڵ و حاڵی خۆیان دەگرین. ئێمەش وەک ئەو خەڵکە نیگەرانین، بۆیەش بە بڕوایەکی تەواوەوە دەڵێین PKK دەبێ شنگال جێبهێڵێت.

ئەلمۆنیتەر: ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە ئەمه‌ریکا لە هەوڵدایە بۆ یەکخستنەوەی میلیشیا ئێزدییەکانی شنگال، لەوانەش یەکینەکانی بەرگریی شنگال (YBŞ)کە سەر بە PKKن، لە هەمانکاتدا ئەمه‌ریکا هاوڕایە لەگەڵ ئێوە کە PKK دەبێ ئەو ناوچەیە جێبهێڵێت. ئایا لەمڕووەوە هیچ پێشکەوتنێک بەدیهاتووە؟
(نێچیرڤان بارزانی): ئێمە لەگەڵ بەغدا و ئەمه‌ریکاش بۆ ئەم پرسە لە هەوڵداین. گفتوگۆکان، کە تا ئێستایش بەردەوامن، هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستەیان بەخۆیانەوە نەبینیوە، بە هیچ ڕێوشوێنێکی کرداری نەگەیشتووین بۆ ئەوەی PKK وا لێبکەین هێزەکانی بکێشێتەوە. کێشەی سەرەکی لە مێنتالیتە و شێوەی هەڵسوکەوتی PKKدایە. خەڵکی ئێزدیی ناوچەکە نایانەوێت PKK لەو ناوچانە بمێنێتەوە. خەڵک سەقامگیرییان دەوێت.

وه‌ك هەرێمی کوردستان، ئەکتەرێکین و کارتی خۆمانمان هەیە.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام ئەوەش ڕاستییەکە کە ئێزدییەکان کێشەی متمانەیان هەیە و هەست دەکەن پێشمەرگە خیانەتی لێکردوون. ئەوان دەیانەوێ خۆیان هەتا ئەو شوێنەی پێیان دەکرێت لە پاراستنی ئارامیی خۆیان بەرپرسیار بن. یەکێک لە میلیشیا سەرەکییەکانی ئێزدی، واتە هێزی پاراستنی ئیزدخان کە (حەیدەر شەشۆ) سەرکردایەتی دەکات، ئاماژەی بەوە داوە کە هێزەکانی ئەو ئامادەن بێنە ژێر چەتری پێشمەرگەوە، ئەگەربێتو ئاستێک لە سەربەخۆییان پێ بدرێت و چاوەڕێی ئەوەیان لێنەکرێت بە تەواوەتی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا تێکەڵ بن. بۆ نموونە دەیەوێت هێزەکانی ئەو مافی ئەوەیان هەبێت لەزگەی ناسینەوەی خۆیان بەکار بهێنن و ئاڵای خۆیان هەڵکەن. ئایا لەگەڵ ئەم پێشنیارەدا هاوڕان؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەڵێ بە تەواوەتی لەگەڵیدا هاوڕاین. بێ ئەملا و ئەولا، هیچ کێشەمان نییە. ئێمە پێمانگوتوون و خۆیان ئەمە دەزانن. بە هەموو گرووپەکانی دیکەشمان گوتووە کە ئەوانیش دەتوانن هەمان شت بکەن. حاڵی حازر لەگەڵ هەموو گرووپە چەکدارییەکانی ئەو ناوچەیە لە گفتوگۆداین، بۆ ئەوەی بێنە ژێر چەتری یاساییی وەزارەتی کاروباری پیشمەرگەوە. ئەوان ئاستێک لە سەربەخۆییی خۆیان دەبێت، بەڵام لە هەمانکاتدا فەرمان لە وەزارەتی پیشمەرگە وەردەگرن و هەماهەنگییان لەگەڵ دەکەن. ئێستا خەریکی تاوتوێکردنی هەموو ئەم پرسانەین. ئامانجمان دەبێ ئەوە بێت کە بەپێی پێویست هێزی خۆجێیی ئێزدی هەبێت بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکەکەی خۆیان دابین بکەن و پارێزگاری لە ناوچەکەی خۆیان بکەن. کێشەی ئێمە لە شنگال (لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر ئەم شارە) ئەوە بوو مەودای نێوان دوایین نزیکترین خاڵی نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شنگال نزیکەی 80 کیلۆمەتر بوو، ئەو ناوچەیەش دانیشتووی عەرەبی تێدابوو، هەندێک لە هۆزە عەرەبەکانی ئەو ناوچەیەش پشتگیرییان لە داعش کرد. ئەمە زۆرشتی ئاڵۆز کرد.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام کۆمەڵێک ئەکتەری دیکەش لەم کێشەیەدا هەن، بۆ نموونە بەغدا. دەگوترێ ئەوان پشتگیری لە PKK و YBŞ دەکەن، چونکە ئەوان ئەم دوو هێزە وەکوو کارتی فشار لە دژی تورکیا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبینن. بەڵام ڕاپۆرتیش هەیە باسی ئەوە دەکات کە بەغدا مووچەی YBŞی بڕیوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمه‌ریکا گوشاری خستەسەریان بۆ ئەوەی مووچەکە ببڕن.
(نێچیرڤان بارزانی): گفتوگۆی ئێمە و بەغدا بەردەوامە، هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیددیان نەناوە کە یارمەتیدەر بێت لە پاشەکشەی هێزەکانی PKK لەو ناوچەیە. ئینجا وەکوو خۆم ناتوانم ئەمە پشتڕاست بکەمەوە کە بەغدا مووچەی YBŞی بڕیوە، هەرچەندە پێیان ڕاگەیاندووین کە ئەمەیان کردووە. ئەگەر بێتو کێشەکان بگەنە شوێنێکی هەستیار و ئەنقەرە و بەغدا و ئەکتەرەکانی دیکەش بێنە نێو مەسەلەکەوە، ئێمەش وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەکتەرێکین و کارتی خۆمانمان هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە بە ڕای من لە بەرژەوەندیی هیچ لایەک نییە بگەینە ئەو خاڵە.



چیتر ناتوانین بەو مۆدێلەی هەتا ئێستا هەبووە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین

ئەلمۆنیتەر: ئایا دەتەوێ بڵێی بۆ دەرکردنی PKK لە شنگال دەست بۆ هێزی سەربازی دەبەن؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەڵێ.

ئەلمۆنیتەر: وادیارە مەسەلەی سەربەخۆیی بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئەجێندای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت. نەخشەڕێی سەربەخۆییتان چییە؟
(نێچیرڤان بارزانی): کاتێک پرسی سەربەخۆیی دەهێنینە پێشەوە، مەبەستمانە چارەسەرێک بۆ کێشەیەکی هەڵواسراو بدۆزینەوە، نەک ئەوەی ناسەقامگیری دروستبکەین. بە پێچەوانەوە، ئێمە بڕوامان وایە سەربەخۆییی کوردستان لە سەقامگیریی ناوچەکەدا ڕۆڵی دەبێت و بەرەوپێشەوەی دەبات. چیتر ناتوانین بەو مۆدێلەی هەتا ئێستا هەبووە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین. پرسی کورد لە عێراق پرسێکی کۆنە.
کوردەکانی عێراق لەگەڵ بەشە عەرەبییەکەی عێراقدا تێکەڵ نەبوون. من یەکەم کەس بووم کە پرسی سەربەخۆییم بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ بەغدا هێنایە بەرباس. ئەم پرسەم لەگەڵ سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی و هاوپەیمانێتیی شیعەی عێراق هێنایە بەرباس. من دیالۆگی زۆر جددی لەگەڵ بەغدا بە نەخشەڕێیەک دەزانم. ئەمە گرنگترین هەنگاوە. بۆ ئەوەی مەسەلەکە ڕوونتر بێتەوە دەڵێم، ئەگەر بەبێ ڕاوێژ و هیچ دیالۆگێک لەگەڵ بەغدا سەربەخۆیی ڕابگەیەنین، ئەوە سەربەخۆییەکەمان لەڕووی پراکتیکیەوە مومکین نییە.

ئەلمۆنیتەر: ئایا دەتەوێت بڵێی ڕەزامەندیی بەغدا لەسەر سەربەخۆییی کوردستان شتێکی زەروورییە؟
(نێچیرڤان بارزانی): سەیرکە، ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە یەکەم دیالۆگی فەرمیمان بۆ سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا بێت، دەبێ دانیشتنی فەرمیمان لەگەڵ بەغدا هەبێت و ئەم تابوویە بشکێنین و باسی بکەین.

ئەلمۆنیتەر: ئایا ئامادەییی ئەوەیان هەیە؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەڵێ ئامادەن. بە (عەبادی)م گوت، بە هاوپەیمانێتیی شیعەم گوت، دواجار ئامانجی ئێمە سەربەخۆییە و ئێوەش دەبێ زۆر بە جیددی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن. هەردوو لایەن دەیانگوت تووشی شۆک بوون بەوەی من پێم گوتوون، بەڵام پێزانینیشیان هەبوو کە من ڕاشکاوانە قسەم لەگەڵیان دەکرد. دەیانگوت ئەوە یەکەمجارە گوێیان لێبێت کە پرسی سەربەخۆیی بەشێوەیەکی فەرمی باسی لێوە دەکرێت. پێیانم گوت کە لە ڕابردوودا ئەم پرسە لە ڕێگەی میدیاکانەوە دەگوازرایەوە، بەڵام ئێستا من بە فەرمی پێتان ڕادەگەیەنم کە ئامانجی ئێمە سەربەخۆییە و دەبێ کۆمیتەیەک پێک بهێنین کە ئەم پرسە تاوتوێ بکەن.

ئەلمۆنیتەر: ئەمە بە وردی کەی بوو؟
(نێچیرڤان بارزانی): لە کۆتایی مانگی ئاب، واتە بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بوو. دوای سەردانەکەی من، (سەرۆک مەسعوود بارزانی)یش سەردانی بەغدای کرد. گرنگترین هەنگاو ئەوەیە ئەم دیالۆگە لەگەڵ بەغدا دەست پێبکرێت.



به‌غدا بەڕاستی سەقامگیرییان بوێت، (واتە سەربەخۆییی کوردستان) تاکە ڕێگەیە.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام ئایا هەموو ڕێککەوتنەکانی ئێوە لەگەڵ بەغدا بە تراژیدی کۆتایی نەهاتووە؟ ئایا ئەمە ڕاستییەک نییە کە عەبادی پێویستی بە کوردە بۆ ئەوەی خۆی لە ڕکابەرە نێوخۆییەکان (واتە شیعەکان) بپارێزێت؟ ڕەنگە ئەمە زیاتر بەرژەوەندیی کورتمەودای ئەوی تێدا بێت. ئایا دەتەوێ بڵێی ئەم جارەیان کۆمەڵێک داینامیکی نوێ هەیە کە واتلێدەکەن متمانەیەکی زیاترت هەبێت؟
(نێچیرڤان بارزانی): بێگومان داینامیکەکانی ئەمجارەیان جیاوازن، بەڵام ئەوەی بەڕاستی گرینگە سەقامگیرییە، ئینجا ئەگەر ئەوان (واتە بەغدا) بەڕاستی سەقامگیرییان دەوێت، ئەمە (واتە سەربەخۆییی کوردستان) تاکە ڕێگەیە. من بەوانم گوت “جەنابی سەرۆک وەزیران، سەیری مێژوو بکە، لە 1970 سەدام حوسێن ڕێککەوتنێکی لەگەڵ باپیری من، واتە مەلا مستەفا بارزانی، واژۆ کرد. لە 1974کاتێک سەدام هەستی کرد بەهێز بووەتەوە، لە ڕێککەوتنەکە پاشگەز بوویەوە، ئینجا ناچار بوو نیوەی شەتولعەرەب بە ئێران بدات بۆ ئەوەی ئێران ڕازی بکات واز لە پشتگیریکردنی کورد بهێنێت. کاتێکیش سەدام ویستی شەتولعەرەب وەربگرێتەوە، تووشی جەنگێکی هەشت ساڵە بوو و لە ئاکامیشدا حکوومەتەکەی مایەپووچ دەرچوو. بۆیە هێرشی کردە سەر کوەیت و ئینجا خۆت ئەوی دیکەی دەزانیت. ئەگەر عیراق کێشەکانی خۆی لەگەڵ کوردی چارەسەر بکردبایە، هیچکام لەمانە ڕوویان نەدەدا.” جیا لەمە کوردی عێراق زۆر جیاوازن لە کوردی ئێران و تورکیا. ئەوان زۆر لە عەرەبەکان دابڕاون. هیچکات لەناویاندا نەتواونەتەوە. لەڕووی جوگرافیشەوە یەکانگیر و مورەکەزن. ئەگەریش لەوە دەترسن کوردستانێکی سەربەخۆ ببێت بە خاڵی ڕاکێشانی کوردی پارچەکانی دیکە، سەیری کوردی تورکیا بکەن. کاتێک کوردەکانی تورکیا باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا جێدەهێڵن، دەچن بۆ ئیستانبول، ئیزمیر و مەرسین، واتە نایەن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ ببن. کەوابێت ئەوە بۆچوونێکی ڕاست نییە کە دەڵێ بۆ چارەسەریی کێشەی کورد لە ئێران و تورکیا، دەبێ ئەزموونی کوردی عێراق کۆپی بکەن.

ئەلمۆنیتەر: با بێینەوە سەر عێراق، وەک ئاشکرایە ئەوان ئامادەییی ئەوەیان نییە لەگەڵ ئێوە شەڕ بکەن و خۆشیان ئەمەیان گوتووە.
(نێچیرڤان بارزانی): ئەوان ئامادەییی ئەوەیان نییە، ئێستا نیانە، بەڵام ئەگەر ئامادەییەکەشیان هەبێت، ئەمە هیچ چارەسەر ناکات.
ئەلمۆنیتەر: ئایا پێتوایە ئەو هاوکارییەی سەبارەت بە مووسڵ لە نێوان ئێوە و بەغدا هاتووەتە ئاراوە خەریکە جۆرێک لە نیازپاکی دروستدەکات و ڕێگەخۆش دەکات بۆ ئەوەی وەک (مەسروور بارزانی) دەڵێت “جیابوونەوەیەکی ڕهزامهندانە” ڕوو بدات؟
بارزانی: ئێمە لە مووسڵ دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە. شکستپێهێنانی داعش ئەولەویەتی ئێمەیە، جا هەرچی بێت گرنگ نییە. ئەم دوو پرسە (واتە جەنگی داعش و سەربەخۆییی کوردستان) دوو پرسی جیان.

ئەلمۆنیتەر: لەم نێوانەدا عەرەبە سوننەکان لە کوێی کێشەکاندان؟
(نێچیرڤان بارزانی): کۆمەڵگەی سوننی خۆیان دەبێ بڕیار بدەن کە چییان دەوێت، جا ئۆتۆنۆمیی هەرێمی، یان هەر شێوازێکی دیکە بێت. هەر کاتێک ئەمەیان بۆ ڕوون بوویەوە کە چییان دەوێت، شتەکان خۆیان دەکەونە بواری جێبەبەجێبوونەوە. بەڵام کێشەی هەموو لایەنەکان ئەوەیە کە پێناچێت سوننەکان بزانن چییان دەوێت، ئەمە هەستکردنێکە.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام ئەوان بەشێک لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نابن؟
(نێچیرڤان بارزانی): نەخێر.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام پێدەچێت هەندێک لە کوردەکانیش نەزانن چییان دەوێت. ئێوە (واتە کورد) لە نێو خۆتان ناکۆکیی زەق و درێژخایەنتان هەیە، یەکێک لە ناکۆکییەکانیش پەیوەندی بە سەربەخۆییەوە هەیە، بە تایبەتیش لەڕووی کاتی سەربەخۆییەکەوە. چۆن ئەم ناکۆکییانە چارەسەر دەکەن؟
(نێچیرڤان بارزانی): چاوەڕێ ناکەم هیچ کەس، یان حزبێک دژی سەربەخۆیی بوەستێتەوە. هاودەنگییەکی هەمەلایەنە لەسەر ئەم پرسە (واتە سەربەخۆیی) هەیە. ئەم پرسە لەسەرووی حزبەکان، سیاسەت و ئەم سەرکردە و ئەو سەرکردەیەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نییە کە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاوی نابێت و تووشی کێشە نەبووبێت. ئێمە جیاوازی و ناکۆکییەکانمان چارەسەر دەکەین. سەیر بکە، دوو ساڵ لەمەوبەر گەورەترین کێشە کە ڕووبەڕوومان ببوویەوە، داعش بوو؛ واتە کێشەکە ئەوە نەبوو کام ماددە لە پەرلەمان چی دەڵێت. داعش 30 کلیۆمەتر لە هەولێرەوە دووربوو. ئەولەویەتی ئەو کاتی ئێمە جەنگی دژی داعش بوو. ئێستاش ڕەوشەکە خەریکە وردە وردە گۆڕانی بەسەردا دێت.ئێمە لەو جەنگەدا 1600 پێشمەرگەمان لەدەستداوە،9000 پاڵەوانی ئێمە بریندار بوون، بەڵام ئێستا بە هاوکاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش ئەمهریکییەکان هەموو ناوچەکانی خۆمانمان کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە. بۆیەش پێم وایە ئیستا کاتی خۆیەتی باسی سەربەخۆیی بکەین و دەستیشمان پێکردووە. ئێمە شاندی خۆمانمان ناردووەتە لای یەکێتیی نیشتمانی و گۆڕان. ئێمە ناکۆکییەکانمان چارەسەر دەکەین، بەڵام بەر لە هەموو شتێک هەموو حزبێک دەبێ ڕوانگە و داواکاریی خۆی بەڕوونی بخاتەڕوو. جیا لەمە، نابێ بە چاوێکی بچووکەوە سەیری ئەوە بکەین کە ئێستا پێی گەیشتووین. ئێمە پێکەوە حوکمڕانیمان کردووە و ئەمەش ئەو شتەیە کە شتی لەسەر بینا دەکەین.



دەرچوونی (مام جەلال) لە مه‌یدانه سیاسییەکە، بۆشاییەکی گەورەی دروست کرد.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام هەم یەکێتی و هەمیش گۆڕان دەترسن لەوەی سەربەخۆیی “بارزانیستان”ی لێبکەوێتەوە نەک کوردستان.
(نێچیرڤان بارزانی): تێگەیشتنێکی هەڵە هەیە کە پێیوایە بارزانییەکان، واتە پارتی، هەموو شتەکانی کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە. کاتێک (مام جەلال) لە مهیدانه‌کە بوو، ئەمە هیچکات کێشە نەبوو. دەرچوونی (مام جەلال) لە مه‌یدانه سیاسییەکە، بۆشاییەکی گەورەی دروست کرد. لە قۆناغێکدا ئێمە پێمانوابوو دەتوانین لەگەڵ نەوشیروان مستەفا ڕێکبکەوین و ئەویش لە ئەستۆی ئەو کارە دێت و دەتوانێ بۆشاییەکە پڕ بکاتەوە، بەڵام بەڕاستی نائومێد بووین. نە لە یەکێتی و نە لە گۆڕان هیچ کەس "هاوشێوهى مام جهلال" خاوەنی ئەو کاریزما و پێگەیە نییە. ئەمە جگە لەوەی ئەوان هەموویان ململانێی یەکترى دەکەن، هەر بۆیەشە ئەوان ئێمە وەکوو لایەنێکی زەبەلاح دەبینن.

ئەلمۆنیتەر: ئایا بۆ سەربەخۆیی پرس بە تورکیاش دەکەن؟
(نێچیرڤان بارزانی): ڕەنگە ئەوان بەو شێوازە پرسیان پێنەکرێت کە خۆیان حەز دەکەن پرسیان پێبکرێت، بەڵام دواجار تورکیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دەبێ لەسەر پرسی سەربەخۆییدا دیالۆگیان لەگەڵ بکەین.

ئەلمۆنیتەر: ئایا ئەمە دەستی پێکردووە؟
(نێچیرڤان بارزانی): بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێنەکردووە.

ئەلمۆنیتەر: ئایا لە پلانتاندایە بەشێوەی فەرمی دەستی پێبکەن؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەڵێ.

ئەلمۆنیتەر: ئایا ئەمە دەکەوێتە خشتەی بەرنامەکانی ساڵی2017ی ئێوە؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەڵێ، بێگومان ئەم پرسەیان لەگەڵ باس دەکەین.

ئەلمۆنیتەر: ئایا پێتوایە سەرکردایەتیی ئێستای تورکیا پێشوازی لەمجۆرە دیالۆگە بکات؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەڕای من ئەوەی گۆڕاوە ئەوەیە کە لە ڕابردوودا ئەم پرسە هێڵی سووری تورکیا بوو، بەڵام ئێستا دەرفەتی ئەوە هەیە کە ئەم دیالۆگە دەست پێبکەین و ئەوانیش هیچ نەبێت گوێمان لێ بگرن.

ئەلمۆنیتەر: ئایا ئەوەی کە تورکیا ڕێگەتان پێدەدات ئێوە بە سەربەخۆ لە بەغدا نەوتی خۆتان هەناردە بکەن، ئاماژەیەکە بەو گۆڕانە؟
(نێچیرڤان بارزانی): بێگومان ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە، ئەمە لەسەرووی خەیاڵی خۆشمان بوو، لە سەرووی هەموو چاوەڕوانییەکانی ئێمەوە بوو کە تورکیا ڕێگە بەمە بدات.

ئەلمۆنیتەر: ئایا ئاشتیی نێوان تورکیا و کوردەکانی ئەم وڵاتە گەرەنتییەکی گرنگ نییە بۆ ئێوە کە سەربەخۆییەکەی ئێوەش لەسەر بناغەیەکی پتەو دادەمەزرێت؟
(نێچیرڤان بارزانی): تاکە ڕێگە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دیالۆگی ئاشتیانەی نێوان ئەنقەرە و کوردە.

ئەلمۆنیتەر: ئێوە ڕۆڵێکی سەرەکیتان لە دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتیی ئۆسلۆ هەبووە، کە لە نێوان PKK و تورکیا دەستی پێکردبوو. ئایا ئامادەن دیسان ئەو ڕۆڵە بگێڕن؟
(نێچیرڤان بارزانی): بێگومان ئێمە هەموو کات و بە هەر شێوازێک بتوانین ئامادەین بەشداری بکەین لە زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، بەڵام بەر لە هەموو شتێک PKK دەبێ بە ستراتیژی خۆیدا بچێتەوە، ئەوان دەبێ لەوە تێبگەن کە ئەم کێشەیە لە ڕێگەی جەنگ و توندوتیژییهوه چارەسەر نابێت، ئەمەش دەبێ ببێت بە بڕیارێکی ستراتیژی، نەک ئەوەی هەر مانۆڕێکی تەکتیکی بێت.

ئەلمۆنیتەر: ئایا هاوڕایت کە تورکیاش دەبێ هەمان شت بکات؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەڵێ، بەڵام ڕێگەم بدە بەردەوام بم. ئەگەربێتو PKK بڕیارێکی ستراتیژی بدات کە لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە واز لە هەڵمەتە چەکدارییەکەی بهێنێت، شتەکان زۆر ئاسانتر دەبن. کوشتنی سەرباز و تەقاندنەوەی بۆمب لە ئیستانبول ئەم کێشەیە چارەسەر ناکات، بەمە هەردوو لایەنەکە زیانیان بەردەکەوێت. کاتێک ساڵی پار PKK شەڕەکەی هێنایە نێو شارەکانەوە، کێ بەمە زیاترین زیانی بەرکەوت؟ کوردەکان زیاترین زیانیان بەرکەوت. کاتی ئەوە هاتووە PKK توندوتیژییەکان بوەستێنێت و ئاگربەست ڕابگەیەنێت، ئەمەش نابێت تەنیا ئاگربەستێکی کاتی بێت. لە پرۆسەی ئاشتیشدا ئەوەی سەرکردایەتیی لایەنی کوردی دانوستاندنەکان دەکات، دەبێ (عەبدوڵڵا ئوجەلان) بێت.

ئەلمۆنیتەر: ئەی ئێران؟ ئایا پێویستە لەگەڵ ئێرانییەکانیش بۆ پرسی سەربەخۆیی دانوستاندن بکەن؟
(نێچیرڤان بارزانی): میدیای ئێران هەموو هەوڵێک بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی بڵێن ئێران دژی سەربەخۆییی کوردە، تەنانەت ئەو کاتەش کە سەربەخۆیی لە ئەجێندادا نەبووە. بێگومان پێویستە لەگەڵ ئێرانییەکانیشدا ئەم گفتوگۆیە بکەین، بەڵام پێدەچێ تەنانەت بەر لەوەی لەگەڵیان دانیشین و باسی بکەین، ئەوان بڕیاری خۆیان دابێت کە دژی سەربەخۆییی کورد بن.

ئەلمۆنیتەر: گرووپە کوردییەکانی ئێران، کە بنکەیان لە نێو کوردستانی عێراقە، ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانیان پێدەدرێت، بۆ ئەوەی یارمەتی لە قاچاخچییەکان وەربگرن و لە نێوخۆی ئێران چالاکیی چەکداری لە دژی ڕژێمی ئێران ئەنجام بدەن، ئایا ئەمە پەیامێک نییە لە ئێوەوە بۆ ئێرانییەکان؟
(نێچیرڤان بارزانی): نەخێر، نەخێر. ئێمە تەواو دژی ئەوەین لە چالاکییە چەکدارییەکاندا ناوچەکانی ئێمە وەکوو پشتی به‌ره لە دژی دراوسێکانمان، لەوانەش ئێران، بەکاربهێنرێن. ئێمە ڕێوشوێنی زۆر جددیشمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگە لەمە بگرین. بە بۆچوونی من ئەمە کێشەکە لە ئێران چارەسەر ناکات. کۆمیتەیەکی هاوبەشی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پێکهێنراوە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم کێشەیە بکات.

ئەلمۆنیتەر: ئایا گرووپە کوردییەکانی ئێران بۆ ئەوە ڕێگەی چوونەوە سەر سنوورەکانیان پێدراوە کە چالاکییەکانی PKK لەو ناوچانە کەم بکەنەوە؟
(نێچیرڤان بارزانی): وادیارە جۆرێک لە ڕکابەری لە نێوان ئەو هێزانه‌دا هەبێت. ئەوان دەبینن PJAK چی دەکات، دەشترسن کوردەکانی ئێران ئەوان لەبیربکات. هەر بۆیەشە هەست دەکەن دەبێ لە نێوخۆی ئێراندا ئامادەییان هەبێت. ئێمە ڕێگەی گەڕانەوەمان پێنەداون، ئەوان خۆیان گەڕاونەتەوە.

ئەلمۆنیتەر: ئێوە بە قەیرانێکی داراییی گەورەدا تیدەپەڕن، کە بەشی هەرە زۆری کوردستانی عێراقی ئیفلیج کردووە. ئایا ڕەوشەکە هیچ بەرەو باشتربوون چووە؟ چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەم کێشانە چارەسەر بکەن؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەر لە هەموو شتێک ئێمە بایەخ بە شەفافیەتی کەرتی نەوت دەدەین، بۆ ئەم مەبەستەش دوو کۆمپانیامان بە کرێ گرتووە: دیلۆیت و ئێرنست ئاند جۆنز. ئەوان بە هەموو چالاکییەکانی داهاتووى پیشەسازیی وزه، ئێستا و ڕابردوودا دەچنەوە، هەر ئێستاش دەستیان بەم کارە کردووە.

ئەلمۆنیتەر: ئەی ئەو ڕێککەوتنە وزەیەی لەگەڵ تورکیا کردووتانە؟
(نێچیرڤان بارزانی): ڕوون و ئاشکرایە کە ئێمە ڕێگەیان پێنادەین ئەو ڕێککەوتنەی ئێمە لەگەڵ تورکیا ببینن، بەڵام هەموو شتەکانی دیکە چاودێری و وردبینیان بۆ دەکرێت. شەفافییەتێکی تەواومان دەبێت.

ئەلمۆنیتەر: ئایا ئەمە ئەو پارانەش دەگرێتەوە کە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە بە بانکی حکوومیی هاڵکبانک دەدرێت؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەڵێ بێگومان. ئێمە ڕاپۆرتی چاودێری و وردبینیی مانگانەمان دەبێت. لە هەمانکاتدا وەزارەتی پلاندانانی ئێمە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە چەندین بوار لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیدا کاری کردووە، یەکێک لەو بوارانەش وەرگرتنی هاوکاری بووە. پرۆسەی وەرگرتنی هاوکارییەکان و پێداویستییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاستی ستانداردە نێودەوڵەتییهكان بەرزکراوەتەوە. ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاراستنی زیانبەرکەوتووان، بوارێکی دیکەی هاوکارییەکانی نێوانحکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی نێودەوڵەتییە. یەکێکی دیکەش لە پڕۆژە گەورەکانمان چاکسازی لە وەزارەتی داراییە؛ واتە بودجە، باج و هەموو ئەم شتانە. دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە کە لە ماوەی یەک ساڵی داهاتوودا ئێمە خاوەنی وەزارەتی داراییەک دەبین کە دامەزراوەیەکی کارا بێت.
ئێمە (جیهاد ئازوور) وەزیری پێشووی داراییی لوبنانمان هێناوە، کە خۆی سەرکردایەتیی ئەمجۆرە چاکسازییانەی لە لوبنان کردووە و لە مانگی ئازاریشدا دەبێتە ئەندام لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو. ئەو بۆ ماوەی یەک ساڵ و نیو لە هەموو ئەم بوارانەدا یارمەتیی ئێمەی داوە، کە یەکێک لەو بوارانە ڕاهێنانی ستاف بووە. ئێمە کەسێكمان دەویست خەڵکی ئەم ناوچەیە بێت و لە کەلتووری ئێرە تێبگات. بۆ چارەسەری کێشەی پێشمەرگەی وەهمی یان بن دیوار، یانیش کەسانی خاوەن دوو یان سێ مووچە، سیستەمی بایۆمەتریمان داناوە، بۆ ئەوەی ئەم هەڵسوکەوتە خراپە نەهێڵین.
ئێمە هەروەها پشتیوانیی دارایی سەر سووتەمەنیمان کەم کردووەتەوە، هەموو ئەمانە خەرجییەکانمانی کەمکردووەتەوە. ئەم قەیرانە خەڵکی ئێمەی لاواز کرد و نەهامەتی زۆری بەسەر هێنان، بەڵام لە هەمانکاتدا دەرفەتی ئەوەی پێداین بە جددی پەنجە لەسەر هەموو ئەو کێشە ستروکتوریانە دابنێین کە ئەم قەیرانەیان لهسهر ئێمه قورستر کرد. دەزانم لێرەدا متمانەی من لە گرەودایە، چونکە وەکوو سەرۆکوەزیران من بەرپرسیاری یەکەمم لە پرۆگرامی دەستپێوەگرتن، دەشزانم ئەمە شتێک نییە بە هۆیەوە ببم بە کەسێکی جەماوەری،ڕاستیەکەی من باجێکی زۆرم بۆ ئەمە داوە. بەڵام لە داهاتوودا خەڵک پەی بەوە دەبەن کە ئەم پرۆگرامە بۆ چاکەی ئەوان بووە، بۆ بەرژەوەندی و چاکەی کوردستان بووە.

ئەلمۆنیتەر: ئایا لە مووچەت بڕاوە؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەڵێ، بە ڕێژەی 75٪.

ئەلمۆنیتەر: وەک دوا پرسیارم، پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی نوێی واشنتن لەژێر سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ چۆن دەبینیت؟
(نێچیرڤان بارزانی): بە ڕای من ئیدارەی داهاتووی ئەمه‌ریکا مامەڵەیەکی دۆستانە لەگەڵ کورد دەکات. سەرکەوتنی (ترەمپ)یش لای من شتێکی سەیر و سەمەرە نەبوو. دوو مانگ لەمەوبەر بە هاوکارەکانمم گوت “بزانن، ئەو سەرۆکی داهاتووی ئەمه‌ریکا دەبێت”. قسەکەشم ڕاست دەرچوو.

kdp-
Top